وتەبێژی پارتی رایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین و دەچینە ناو وردەکاری زیاتر بۆ پێکهێنانی حکومەت.
ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕایگەیاند "کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ یەکێتی زۆر دۆستانە بەڕێوەچوو"، دەشڵێت "لە دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین".
وتەبێژی پارتی زیاتری ئاشکراکرد و وتی "لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو وردەکارتی زیاتر بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەردوولا دەمانەوێت ئەو حکومڕانییەی پێویستە لە کوردستان هەبێت، دابەشکردنی پۆستەکانیش بۆ لیژنەکان بەجێدەهێڵین".
ئەمڕۆ سێشەممە هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆبوونەوە.