ئا: عەمار عەزیز
بەشی زۆری خێزانەکانی دھۆک زیاتر خواستیان لەسەر منداڵی کورە نەک کچ، پزیشکانی پارێزگاکە دەڵێن "بەشێک لەو ژنانەی کە دەیانەوێت منداڵی کوڕیان ببێت پەنا بۆ چاندنی منداڵی بلوریو دیاریکردنی رەگەز دەبەن" .
کەڤین حسێن، ماوەی ٧ ساڵە ھاوسەرگیری کردوەو خاوەنی دوو منداڵی کوڕە، یەکێکیان تەمەن ٦ ساڵەو ئەوەی تر ساڵێکو چەند مانگێکە، ئەو حەز دەکات منداڵێکی تری کوڕی ھەبێت نەک کچ، ئەو لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ھەر چی خودا پێشکەش بەمرۆڤی بکات ئاساییەو دەبێت مرۆڤ شکودار بێت، بەڵام پیاوەکەم حەز دەکات منداڵێکی ترمان ھەبێت ھەر کوڕ بێت، ئەمەش زیاتر ھۆکارەکەی بۆ کۆمەڵگاو خێزان دەگەڕێتەوە، کاتێک کەسێک پرسیار دەکات چەند منداڵت ھەیە بۆ نموونە دەڵێت دوو کورم ھەیە، وەکۆ شانازییەک دەیڵێت".
وتیشی "زۆرێک لەژنان دەناسم بۆ ئەوەی ببن بەخاوەنی منداڵێکی کور پەنا بۆ چاندنی منداڵی بلوریو دیاریکردنی رەگەز دەبەن، ئەوەش پێویستی بەتێچوویەکی زۆرە، ھەندێکجار واش دەرناچێت".
لەبەشێکی دیکەی خێزانەکاندا کە کچیان هەیە، بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان کە ببنە خاوەنی کوڕو زۆر جار پارەیەکی زۆریش بۆ گەیشتن بەو ئاواتەیان خەرج دەکەن.
چنار خورشید، دانیشتووی ناوەندی دھۆکە، براژنێکی سێ منداڵی کچی ھەیەو زۆر ھەوڵیداوە منداڵێکی کوڕیان ھەبێت، بەڵام ھەوڵەکانی بێسوود بووە، ئەو بەئاوێنەی وت "براژنەکەم زۆر حەزدەکات منداڵێکی کۆری ھەبێت، بۆ ئەمەش دەیان جار سەردانی پزیشکی کردوەو جۆرەھا دەرمانی بەکارھێناوە، بەرنامەیەکی تایبەتی بەخواردنی بۆ خۆیو ھاوسەرەکەشی دانابوو، بەڵام ھەر بێسوود بوو".
وتیشی "ئەو ژنانەی کە ھەوڵدەدەن منداڵی کوڕیان ھەبێت زۆرن، یەکێکی تر نزیکی خۆمانە ھەڵسا بەچاندنی لەرێگای منداڵی بلوریو زیاتر لە ٥ ھەزار دۆلاری تیا خەرج کرد، دواجار ھەر بۆی نەما".
لەبارەی ھۆکاری ئەوەی بۆچی ژنان زیاتر حەزیان لەمنداڵی کۆرە بەراورد بەکچ، چنار وتی "کۆمەڵگا ھۆکاری سەرەکییە، ھەروەھا چاولێکەری رۆڵی خۆی ھەیە، لەبەرئەوەش کە ھەموو کات زۆربەی پیاوی کورد شانازی بەخۆی دەکات کە ئەوەندە کۆری ھەیە".
بەقسەی پزیشکێکی پسپۆر لەبواری نەخۆشیەکانی ژنانو منداڵ بوون ، ئەو ژنانەی پێش دوو گیان بوون سەردانی دەکەن داوای چاندنی منداڵی بلوریو دیاریکردنی رەگەز کوڕ دەکەن.
د.ئەمەل عەبدولحەکیم، پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنانو منداڵبوون بەئاوێنەی وت "ئێستا داواکردنی رەگەزی کوڕ لەکچ زیاترە، ھیچ داتایەکەم لا نییە، بەڵام ئەو ژنانەی پێش دوو گیان بوون کە سەردانم دەکەن بەتایبەت بۆ چاندنی منداڵ داوای رەگەزی کوڕ دەکەن، رێژەیەکی کەم ئەوانەن کە منداڵیان نیە بۆ ئەوان رەگەز زۆر گرنگ نیە، چونکە ھیچ منداڵێکیان نیە".
وتیشی "ھەندێک ژن ھەیە دوو سێ کچیان ھەیە، زۆر حەزیان لەوەیە منداڵێکی کوڕیان ھەبێت، بۆیە پەنا دەبەنە بەر چاندنی منداڵ، بەدڵنیایی جگە لەوەی ئەمەش پێویستی بەپارەیەکی زۆرە، بەڵام بەبڕوای من زیادبوونی رەگەزی کوڕ بەروارد بەڕێژکەی کچ باش نییە، چونکە ھەردووکیان ھەبێت بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ژیان زۆر گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو هاوسەبگییە تێکنەچێت، خوای گەورە کوڕو کچی داناوە بۆ بەردەوامی ژیان".
بەپێی ئامارێک کە تایبەت بۆ ماڵپەری ئاوێنە نێردراوە لەسێ مانگی رابوردوودا رێژەی لەدایکبوونی منداڵی کۆر بەراورد بەکچ زیاتر بووە.
حوسنا عەبدولرەزاق، جێگری بەرێوەبەری نەخوشخانەی منداڵبوون لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا ٢ ھەزارو ٥٧٧ منداڵ لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی دهۆک لەدایک بوون، لەم ژمارەیە ھەزارو ٨٣٢ لەرەگەزێ نێرن، ھەزارو ٧٤٥ لەرەگەزێ مێ، رێژەی کۆر زیاترە لەکچ، بەمدواییە ئێمەش ھەست دەکەین کەوا منداڵی کور زیاتر خواستی لەسەرە بەراورد بەکچ".
وتیشی "ئێمە بەشی راوێژکاریمان ھەیە لەوێ دەزانین کە ژنان زیاتر داوای ئەوە دەکەن منداڵی کوڕیان ببێت، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەپزیشکەکان دەکەن چارەسەر چییە یان ھەندێک بەرنامەی تایبەت بەرێکخستنی خۆراکیان بۆ دادەنێن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات