رێژەی بێکاریی لەناو گەنجانی هەولێردا بەرزبوەتەوە
  2025-04-14       204       
رێژەی بێکاری لەساڵی ٢٠٢٤دا لەهەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٪

ئا: شەنگە دارا

 

یەکێک لەکێشە سەرەکیەکانی گەنجانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نەبوونی هەلی کارە، سەرۆکی رێکخراوی رامان لەهەولێر دەڵێت "زۆرێک لەکۆمپانیاکانی هەولێر لەئێستادا کارمەندی بیانی دەهێنن‌و دەیخەنە سەر کار کە بڕوانامەی بەرزیشیان هەیەو ئامادەن بەمووچەیەکی کەم کار بکەن".

 

نێرگز عەلی، کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵی شاری هەولێرەو ماوەی ٤ ساڵە زانکۆی تەواو کردوەو دەرچووی بەشی نەوتە، بەڵام لەماڵەوە دانیشتووە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەدڵخۆشیەوە چوم زانکۆم تەواو کرد بەئومێدی ئەوەی دوای زانکۆ لەشوێنێک کار بکەم، بەڵام هیچ کارێکم دەستنەکەوتووە لەگەڵ بڕوانامەکەم‌و خواستی خۆم بگونجێ، هەر جارێک بۆ کار لەدەرگای هەر شوێنێکم دابێت یاخود سیڤیم ناردبێ وەرنەگیراوم".

وتیشی "واسیتە لەکوردستان بەپلەی یەک ڕۆڵی هەیە لەوەی لەشوێنێک وەربگیرێیت، من زۆر بێهیوا بووم لەوڵات کە کار بۆ گەنجی بیانی هەیە و بۆ گەنجی وڵات نیە، وتیشی خۆم چەندین کەسی بیانیم دیوە کە کار دەکەن لەکۆمپانیاو کەناڵەکان‌و چەندین شوێنی تر بەموچەی زۆر باڵا، بۆیە ناهەقی گەنج ناگرم کە کۆچدەکات بۆ تاراوگە، چونکە لێرە هیچ داهاتوویەک نابینن".

 

بە گوێرەی دوایین روپێویی کە لەعێراق ئەنجامدراوە، رێژەی بێکاری لەساڵی ٢٠٢٤دا لەهەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٪، رێژەی هەژارییش لەهەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٤دا، نزیکەی ٩٪ بووە لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠١٨ ئەم رێژەیە ٥٪ بووە. واتە رۆژ بەڕۆژ بەهۆی قەیرانی دارایی‌و نەبونی هەلی کارەوە هەژاری لەهەڵکشاندایە.

 

 شاخەوان غەفور، وەستای سەقفی مەغریبییەو باس لەوە دەکات کە بەراورد بەساڵانی رابردوو کاریان زۆر کەمی کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشتر لەهەفتەیەکدا هەفتەی ٥ رۆژ ئیشمان هەبوو، فریای چوونە سەر خانووەکان نەدەکوتین بەهۆی زۆری ئیشەوە، بەڵام ئێستا هەفتەی وایە دوو رۆژ ئیشمان هەیە، یان هەر نیمانە، پێشتر خەڵکی مامەڵەی نەدەکردو بەڵام ئێستا بۆ هەر ئیشێک بەقورسی مامەڵەمان لەگەڵ دەکات".

وتیشی "ساڵ بەساڵ داهاتی خەڵکی کەم دەکات".

 

ئێستا بەئەندازەیەک هەلی کار بۆ گەنجان کەم‌و دەگمەنە کە بەشێک لەگەنجانی پایتەخت، بەناچار بەشێوەی خۆبەخش لەدامەزراوەکان کار دەکەن.

 

ئەحمەد فاروق سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێمان – هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کاری خۆبەخشی یەکێکە لەچارەسەرەکانی بێکاری گەنجان، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرێمی کوردستان توشی کێشەی ئابوری‌و قەیرانی دارایی بووە، تاکو ئێستاش کێشەی نەنردنی مووچە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەتەواوی چارەسەر نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هەلی کاری نوێ، هەروەها لەلایەکی تریش زۆرێک لەکۆمپانیاکانی هەولێر لەئێستادا کارمەندی بیانی بۆ نموونە هندی‌و سوری‌و تورکی ....هتد دەهێنن‌و دەیخەنە سەر کار کە بڕوانامەی بەرزیشیان هەیەو ئامادەن کاربکەن بەموچەیەکی کەمترو شوێنی مانەوەشیان بۆ دابین دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریەکی گەورەی خستۆتە سەر گەنجانی هەرێم کە خاوەن بڕوانامەشن نەتوانن هەلی کاریان دەستبکەوێت".

وتیشی "هۆکاری کەمی ئەزمون کە گەنجان لەزانکۆ تەنها بەشێوەیەکی تێوریی فێری کار دەکرێن‌و بەشێوەیەکی کرداری قوتابیان فێر ناکرێن‌و ئامادە ناکرێن بۆ بازاڕی کار تا دوای تەواوبونیان لەزانکۆو وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون بتوانن ئەو ئەزمونەی فێری بوون سودی لێوەربگرن‌و دابمەزرێن لەکۆمپانیاکان، کە ئەم شێوازی خوێندنەش لە لایەن بەشێکی زانکۆکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پەیڕەو دەکرێت".

 سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێمان بۆ چارەسەری ئەم پرسە جەغت لەسەر پێویستی "گونجاندنی پەروەردە لەگەڵ  پێداویستیەکانی بازاڕو پشتگیریکردنی ئەوگەنجانەی کە تواناو دیدگایان هەیە  ؛ەڕێگەی قەرزی بچوکەوە" دەکات.

 

ئەمە لەکتێکدایە کە وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی،ئاریان ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە ٨ هەزار کرێکاری بیانی لەلای ئەوان تۆمارکراوە، ئەو وتی "کارمان کردوە بۆ ئەوەی دەستی کاری خۆماڵی زیاتر بێت، بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم پێویستە ڕێژەی کرێکاری خۆماڵی ٧٥٪و کرێکاری بیانیش ٢٥٪ بێت".

 

کارکردن پڕۆسەیەکە لەوەتەی مرۆڤ هەیە هۆکاری بەردەوامبوونی ژیان‌و خێزانە، نەبوونی هەلی کار کاریگەری نەخوازراوی کورتخایەن‌و درێژخایەنی لەسەر تاک‌و کۆمەڵگەکانیش دەبێت.

 

یاردیدەری پرۆفیسۆرو مامۆستای زانکۆ، د.بەختیار تاڵەبانیئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە لەهەموو لایەنێکەوە کارئاسانی بکرێت بۆ گەنجان بەتایبەتی لەلایەن حکومەت‌و ئیدارەی خۆجێی شارەکانەوە تا هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "هۆکاری بێکاریری زۆرە، لەوانە نادروستی پڕۆگرامی پەروەردەو فێرکردن، ژمارەی دەرچووان لەزانکۆو پەیمانگاکاندا زۆر نابەرامبەرە لەگەڵ ئەو ژمارو هەلی کارەی کە هەیە لەکۆمەڵگەدا، حکومەت بێ سانسۆرو بەرنامە ژمارەیەکی زۆری دەستی کاری بیانی هێناوەتە وڵاتەوە، هەروەها ساڵانە ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر خانەنشین دەبن، بەڵام دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان دانامەزرێن"

وتیشی "لێکەوتەکانی بێکاریش زۆرن، سەرەکیترینیان کات بەتاڵی، بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی، کافتریا، ڕۆشتن بۆ تاراوگە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان‌و هۆکاری سەرەکی خۆبەکەمزانینی مرۆڤە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×