محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەنۆیەمین دیداری سلێمانی وتی "عێراقمان دوورخستوەتەوە لەململانێکانی ناوچەکە".
ئاوێنە: سودانی لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی بەهێز بریتییە لەدەوڵەتی دامەزراوە، لەرابردودا سیاسەتێکی ئابوری خراپ لەعێراق پەیڕەو کراوە، ئەو وتی "لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری هەڵبژاردن دەکەم".
سودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانمان تەواو کەم بووەتەوە لەماوەی سەرۆکایەتی وەزیرانیدا، ئەو وتی "گرنگیمان بەپڕۆژەکانی تەندروستیو پەروەردەو بواری وزە داوەو عێراقمان دوورخستوەتەوە لەشەڕو ململانێی ناوچەکەو چاکسازی لەسەرجەم کەرتەکاندا بەردەوام دەبێت".
سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشتر بووە، کە پێشتر نێوانی هەولێرو بەغدا پڕ لەململانێی سیاسی بووە.
سەبارەت بەئایندەی حەشدی شەعبیش وتی "بەشێکن لەسیستەمی ئەمنی عێراقو دەبێت بەپێی یاسا رێكبخرێتەوە".
وتیشی "ئێمە گرنگی دەدەین بەدۆخی سوریاو ئێمە لایەنگریی هیچ کام لەمیحوەرەکان نین".
وتیشی "ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە".