سەبارەت بەبارودۆخی تەندروستی سیری سورەیا ئۆندەر، کە لەژێر چاودێری چڕدایە، سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەکە دەڵێت "وەڵامی چارەسەر دەداتەوە".
ئاوێنە: سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل لەئەستەنبول، دکتۆر کاڤلان چیفتچی لەلێدوانێکدا رایگەیاند "دۆخی گشتی ئۆندەر لەدوێنێ باشترە، وەڵامی چارەسەرەکانمان دەداتەوە، کەموکوڕی گرژبوونی بەشی ڕاستئ دڵی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چاکبوونەوە".
ئاماژە بەوەش دەکات کە "پرۆسەی چاودێری چڕمان بەردەوامەو پێویستمان بە کاتە، ئێمە بەردەوام دەبین لەو چارەسەرانەی کە بەهۆی دەستنیشانکردنی پێشوویەوە پێیدراوەو چارەسەری بەهێزتریش پێشکەش دەکەین".
وتیشی "وەڵامی نەخۆشەکەمان بۆ هاندەرە ئازاربەخشەکان زۆر باشە، گوێی لە دەنگەکان دەبێتو هەندێک کاردانەوە دەدات. ئەمانە بۆ ئێمە لەڕادەبەدەر ئەرێنین، بەڵام ناتوانین بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بارودۆخی نەخۆشەکە ئاشکرا بکەین. لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بزانین، پێشبینی من بۆ چارەنوسی نەخۆشەکە لە نێوان ١٠ ڕۆژ بۆ ٤٠ ڕۆژدایە".