بەهای زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و توانی بەرزبێتەوە بۆ 3357 دۆلار.
ئاوێنە: بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ دوای ئەوە روویدا کە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، شەوی رابردوو هۆشداری دا لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی پێناسە گومرکییەکان لەسەر ئابووریی ئەمریکا.
پاوڵ رایگەیاند، پێناسە گومرکییەکان توانای بانکی ناوەندیی ئەمریکای لاوازکردووە کە لەکاتێکدا کاردەکات بۆ کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، هاوکات هانی گەشەی ئابووریش بدات.
لێدوانەکانی پاوڵ بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا و بەهای دۆلاری ئەمریکی داڕماند.
پێنوێنیی دۆلار بەڕیژەی 0.83٪ بۆ 99.17 دابەزی، ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 3357 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام پاش چەند کاژێرێک کەمێک دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە هێشتا ئاستێکی مێژووییەوە و هیچ رۆژێکی دیکە ئەو ئاستەی تۆمارنەکردووە.
برایان مارتین و دانییەل هاینێس، شارەزایانی بازاڕە داراییەکان سەر بە بانکی ANZ دەڵێن، "چەندین هۆکاری وەک، ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکان و ترس لە سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان و ئاسۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ."