رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، تۆپخانەكانی توركیا لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەچڕی دەستیان كردوە بە بۆردومانی گوندەكانی سنوری قەزای ئامێدی و خانوی دو هاوڵاتی مەدەنی لە تۆپبارانەكاندا خاپور بون.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، کاتژمێر ١:٤٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ٤ جار تۆپبارانی دەوروبەری گوندی “بەرچێ”یان لە دەڤەری نهێلێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.
وتیشی، هەر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ و لە کاتژمێر ٢:٢٤ خولەک، تۆپخانەکانی تورکیا، ٩ جار بۆردومانی گوندەکانی “مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ”یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کرد و خانوی دو هاووڵاتی مەدەنییان خاپورکرد.
بەپێی قسەی كامەران عوسمان، تەنیا لەمڕۆدا، تۆپخانەکانی تورکیا ١٣ جار تۆپبارانی گوندەکانی دەوروبەری قەزای ئامێدیان کردوە، لە بۆردومانەكاندا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوەتە قوربانی.
بۆ بینینی ڤیدیۆی بۆردومانەكان لێرە كلیك بكە