لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی موچە، هەژماری من و كارەبای 24 سەعاتییەوە
  2025-04-16       438       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، زۆر ناخۆشە بابەتی موچە دەبێتە هەواڵ. دەشڵێت، بۆ مەرامی سیاسی پڕوپاگەندە لەدژی پڕۆژەی هەژماری من و پڕۆژەی كارەبای 24 سەعاتی كرا.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیداری سلێمانی لەبارەی كێشەی موچە وتی"زۆر ناخۆشە بابەتی موچە ببێت بە هەواڵی مانگانە، لە وڵاتێکی وەکو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، نەدەبو ئەمە بابەت بێت. کێشە لە سیستم هەیە، عێراق خۆی ئابورییەکی هەیە لەسەر پارەی کاش دروستکراوە، ئەو وڵاتانەی پارەی کاش بنەمای ئابورییانە، ناتوانن بە ستاندارێکی نێودەوڵەتی پێشبکەون".

 سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من وتی "بەداخەوە پشتگیریی زۆری سیاسی لێ نەکرا بەتایبەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، من دەتوانم بە راشکاوی بڵێم، ئەوانەی بەشدارن لە پڕۆژەکە، خۆیان باشترین وەڵامیان هەیە. سەروی 95%ـی ئەو کەسانەی بەشدارن، لە پڕۆژەکە رازین."

ئاماژەی بەوەشدا"هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەوەی (پرۆژەی هەژماری من) بەردەوام نەبێت، بە هەڵە پڕوپاگەندەی بۆ کراوە، هاوڵاتی دەبێتە خاوەن هەژماری خۆی و حکومەت موچەی پێدەدات".

بەبڕوای مەسرور بارزانی پڕۆژەی هەژماری من "ژێرخانی ئابوری دروستدەکات بۆ وڵات. خەڵک دەتوانێت قەرزی بانکی وەربگرێت. بۆ شەفافیەتیش باشترە."

ئەوەشی خستەڕو"من ناڵیم هەمو کەسێک با پشتیوانی بکات، بەڵام هیچ لایەنێکیش نابێت رێگری لەوە بکات ئەو پڕۆژەیە بەردەوام نەبێت لەسەر ئاستی کوردستان. دەتوانم زۆر بەدڵنیایی بڵێم توانیمانە زۆر سەرکەوتوانە پڕۆژەکە جێبەجێ بکەین".

 لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەسرور بارزانی باسی لە پڕۆژەی روناکی کرد و وتی، "ئەویش بۆ مەرامی سیاسی پڕوپاگەندەی لەدژ کرا گوایە پارەی زیاتر وەردەگیرێت. 80%ـی ئەو کەسانەی بەشدارن لە پڕۆژەکە، کەمتر لە جاران پارە دەدەن، ئەوانەی زیاتر پارە دەدەن، ئەو کەسانەن کە کارەبای زیاتر بەکاردەهێنن."

وتیشی"هیوادارم بتوانین لە کاتێکی زۆر نزیک مژدەی زۆر خۆش بە هاوڵاتییان بدەین. هەمو شارەکان دەبن بە خاوەن کارەبای 24 سەعاتی". وتیشی، "بەهیچ جۆرێک حکومەت پارەی زیاتری وەرنەگرتوە، ئامانجمان ئەوەیە کارەبای 24 سەعاتی بە نرخێکی گونجاو و هەرزانتر دابین بکەین، ئەمە تەنیا بەڵێن نییە، کردومانە و ئەنجامەکانی دیارن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×