پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوو سێ رۆژی دیكە لیستی موچەی مانگی چوار رەوانەی بەغدا دەكەن، ئاشكراشی كرد هێشتا نرخی كارەبای 24 كاتژمێری دیاریی نەكراوە.
ئاوێنە: هەروامانی لە بارەی موچەی مانگی چوارەوە، رایگەیاند دوو سێ رۆژی دیكە لیستەكە رەوانەی بەغدا دەكەن و بەهیوان چیتر كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران نەیەتەپێش، چونكە لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی لەسەر كراوە.
وتیشی، بەیەكگەیشتنی بەرپرسانی باڵای كوردستان و بەغدا لە دیداری سلێمانی، كارێكی گرنگە و رۆڵی هەیە لە چارەسەركردنی كێشەكان.
لە بارەی هەناردەی نەوتی كوردستانیش بۆ دەرەوە، ئاماژەی بەوەدا، چاوەڕێن حكومەتی فیدڕاڵ هەنگاوەكان دەستپێبكات بۆ هەناردەكردن، چونكە كوردستان و توركیاش رازین.
لە بابەتی كارەبای 24 كاتژمێری و نرخەكەشی، هەورامانی ئاشكرای كرد، هێشتا نرخی كۆتایی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری لە لایەن حكومەتەوە دیاریی نەكراوە، وتیشی، نرخەكەی لە نێوان گەڕەكە هەژارنشینەكان و ئەو گەڕەكانەی خەڵكی خواپێداو و دەوڵەمەند لێی نیشتەجێن، جیاواز دەبێت.