پاش ئەوەی شەوی رابردو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی گەیەندرایە نەخۆشخانەو نەشتەرگەری بۆ كرا، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كورد دەڵێت، سڕی سورەیا ئۆندەر، لەڕابردودا لە گەشتێكدا فڕۆكەكەیان كەوتۆتە خوارەوەو تەنیا ئەم بەزیندویی ماوەتەوەو دوای ئەوە توشی كێشەی دڵ و فۆبیای فڕۆكە بوە.
ئاوێنە: محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كورد، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا لە فەیسبوك وتویەتی"سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندام بەرلەمانە لە لیستی دەم پارتی. سڕی سورەیا هونەرمەندو سینەما کارێکی بەتواناو ناودارە، ئێستا جێگری سەرۆکی بەرلەمانی تورکیایە. لەسەرەتای لاوییەوە لە گروپە چەپەکاندا کاری کردوە و هەمیشە دۆستێکی سەرسەختی دۆزی کورد بوەو پشتگیری هەمو چالاکییەکی کوردی کردوە."
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد وتوشیەتی"سڕی سورەیا کێشەی نەخۆشی دڵی هەیە، کێشەکەشی لەڕوداو و کارەساتێکدا توش بوە، لە گەشتێکدا فڕۆکەکەیان لەئاسمانەوە ئەکەوێتەخوارەوە، هەمو سەرنشینەکان گیانلەدەستدەدەن، تەنیا ئەم بەزیندویی ئەمێنێتەوە، لەوەبەدوا توشی فۆبیای فڕۆکەو کێشەی دڵ دەبێت."
ئاماژەی بەوەشداوە"ئەو ئەندامی ئەو شاندانە بو کە پارتی هەدەپ ئەیانناردن بۆ باشور، هەمو جارێك ئەو دوائەکەوت لە شاندەکە کە لێمدەپرسین بۆ چی دواکەوتوە، ئەیانوت ئەو فۆبیای فڕۆکەی هەیە، ئێمە بەفڕۆکە دێین و ئەو بەماشین، بۆیە دوادەکەوێت."
محەمەد ئەمین پێنجوێنی هێمای بۆ ئەوەش كردوە"لەم دواییەیشدا ڕۆڵێکی جوامێرانەی هەبو لەناو شاندی ئیمراڵیدا، لەکوردەکان دڵسۆزتر بو بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، دۆێنێ شەو بەکریزی دڵ چوە نەخۆشخانەو هەتا ئێستاش تەندروستی ناجێگیرە، هیوای چاك بونەوەو تەمەنێکی درێژی بۆ دەخوازم."