دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەكانیان لە دو چالاكی جیادا دەستیان گرتوە بەسەر 20 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا. دەشڵێت، لە یەكێك لە چالاكییەكاندا كە لەناو شاری سلێمانی بوە، روبەڕوبونەوە لەنێوان هێزەكانیان و دو بازرگانی ماددەی هۆشبەردا رویداوەو توانیویانە دەستگیریان بكەن.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتی ماددەهۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ڕۆژی ٢٠٢٥/٤/١٣ لەناوچەیەکی سنوری هەورامان، توانیان دەستبگرن بەسەر بڕی (١٠) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ.
لەبارەی چالاكی دوەمیش دەزگای ئاسایش وتویەتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەڕۆژی ٢٠٢٥/٤/١٤ لەڕوبەڕوبونەوەیەکدا لەشەقامی بازنەی مەلیک مەحمود، توانیان دو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (١٠) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش.
بۆ بینینی ڤیدیۆكە لێرە كلیك بكە
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی (٢٥) لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.