گورگە سامناکەکان دوای تێپەڕبوونی ١٠ هەزار ساڵ بەسەر لەناوچوونیان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بە سەرکەوتوویی 'دی ئێن ئەی'یان کۆپی کرایەوە و گەڕێنرانەوە بۆ ژیان.
ئاوێنە: کۆمپانیای Colossal Biosciences کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لەوبارەیەوە دەڵێت "زاناکانمان توانیویانە "DNA" لە گورگە بەبەردبووەکان دەربهێننەوە و رێکیبخەن کە مێژووەکەیان بۆ ١١ هەزار و ٥٠٠ ساڵ تاوەکو ٧٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دواتر بەسەرکەوتوویی سێ بەچکە گورگی لێ کۆپی بکەن بە ناوەکانی: رێموس، رێمولوس و خالیسی.
جێی ئاماژەیە، ئەو جۆرە گورگە لە زنجیرە درامای "یاریی تەختە پادشاییەکان" و چەندین فیلمی دیکەدا دەردەکەون و بەوهۆیەوە خەڵکی پێیان ئاشنان.
بێن لام، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای کۆڵۆساڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "CBR"ـی ئەمریکی ئاشکرایکردووە "بەچکە گورگەکانمان پیشانی جۆرج رایمۆند ریچارد مارتینی نووسەری "یاریی تەختە پادشاییەکان" داوە و راستەوخۆ دەستیکردووە بە گریان".
ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە بەردەوامە لە توێژینەوەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بوونەوەرە لەناوچووەکانی وەک مامۆس و باڵندەی دۆدۆ و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیانیان.
