نۆیەمین دیداری سلێمانی لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت
  2025-04-16       267       

بە بەشداری چەندین کەسایەتی دیاری جیهانی‌و ناوچەکەو عێراق‌و کوردستان نۆیەمین دیداری سلێمانی لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت.

 

ئاوێنە: بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی نیسان، چەندین کەسایەتی دیاری جیهانی‌و ناوچەکە‌و عێراق‌و کوردستان گەیشتنە زانکۆی ئەمەریکی لەسلێمانی بەمەبەستی بەشداری کردن لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەوانە محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و نێچیریڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌، بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی عێراق‌و و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاواو بەرپرسانی ئەمەریکی‌و ئێرانی.

 

بەرهەم ساڵح: دەستپێشخەری هەن بۆ ئەوەی بارودخۆێکی باشتر روو لەناوچەکە بکات

بەرهام ساڵح لەوتاری بەخێرهاتنی بەشداربووان‌و میوانەکانی نۆیەمین دیداری سلێمانی لەزانکۆی ئەمریکی، ئاماژەی بەوەی کرد گۆڕانکارییەکانی سوریاو گفتوگۆی ئاشتی لەتورکیاو دانوستانی نێوان ئەمەریکاو ئێران، دەرفەتی نوێن بۆ ناوچەکە، ئەو وتی "دەستپێشخەری هەن بۆ ئەوەی بارودخۆێکی باشتر روو لەناوچەکە بکات".

بەرهەم ساڵح داوای کرد بەرپرسانی عێراق‌و کوردستان گرنگی زیاتر بەکەرتی تایبەت بدەن بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات‌و داواشی کرد گەنجان بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئایندەمان وەک رابردوومان نەبێت، ئەو وتی "شەڕی بەردەوام بووەتە مایەی فەوتانی سامانی ناوچەکە".

 

سودانی: عێراقمان دوورخستوەتەوە لەململانێکانی ناوچەکە

سودانی لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی بەهێز بریتییە لەدەوڵەتی دامەزراوە، لەرابردودا سیاسەتێکی ئابوری خراپ لەعێراق پەیڕەو کراوە، ئەو وتی "لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری هەڵبژاردن دەکەم".

سودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانمان تەواو کەم بووەتەوە لەماوەی سەرۆکایەتی وەزیرانیدا، ئەو وتی "گرنگیمان بەپڕۆژەکانی تەندروستی‌و پەروەردەو بواری وزە داوەو عێراقمان دوورخستوەتەوە لەشەڕو ململانێی ناوچەکەو چاکسازی لەسەرجەم کەرتەکاندا بەردەوام دەبێت".

سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشتر بووە، کە پێشتر نێوانی هەولێرو بەغدا پڕ لەململانێی سیاسی بووە. 

سەبارەت بەئایندەی حەشدی شەعبیش وتی "بەشێکن لەسیستەمی ئەمنی عێراق‌و دەبێت بەپێی یاسا رێكبخرێتەوە".

وتیشی "ئێمە گرنگی دەدەین بەدۆخی سوریاو ئێمە لایەنگریی هیچ کام لەمیحوەرەکان نین".

وتیشی "ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە".

 

نێچیرڤان بارزانی: هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنۆیەمین دیداری سلێمانی وتی "هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی وەک کورد هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت".

نێجیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە سلێمانی هەمیشە چرای روناکی کلتورو فرەیی سیاسی‌و قەڵایەکی بەرزی نیشتیمانپەروەری بووە، ئەو وتی "کورد یەکێکە لەنەتەوە گەورەکانی ناوچەکەو کاتی ئەوەیە ئاوڕێکی جدی لەپرسی کورد بدرێتەوە، کە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ناوچەکە ئارامی‌و سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، بارزانی وتی "هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کورد پشتیوانی لەپرۆسەی ئاشتی کورد لەتورکیاو سوریا دەکات، ئەو وتی "پێسکەوتنی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق".

بارزانی باسی لەتێکچوونی کەشوهەوا کردو وتی "گۆرانی کەشوهەوا هەڕەشە لەچارەنوسی مرۆڤایەتی دەکات، هەر ئێستا لەبەر نەمانی ئاو بەهەزاران کەس ناچاربوون شوێنی نیشتەجێ بوونیان بەجێبهێڵن".

هەروەها وتی "پێویستە لەم دۆخەدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوەو پێویستە کابینەی داهاتووش وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیان بێت".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×