ئەمریكاو عێراق دو یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری كارەبا ئیمزادەكەن
  2025-04-09       398       

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی كارەبای عێراق و دو كۆمپانیای ئەمریكی، دو یاداشتی لێكتێگەیشتنیان لە بواری كارەبا ئیمزاكرد.

ئاوێنە: ئیمزاكردنی یاداشتەكان بە سەرپەشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچو.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یاداشتی یەكەم لەنێوان وەزارەتی كارەبای عێراق و كۆمپانیای "جی ئی ڤێرنۆڤا"ی ئەمریكیدا ئیمزاكراوە بۆ دامەزراندنی چەند پڕۆژەیەكی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە بە غاز بە توانای نزیكەی 24 هەزار مێگاوات.

نوسینگەی سودانی وتوشیەتی، ئەوەش بەرفراوانترین و نوێترین پلانە لە مێژوی عێراقداو بەپێی لێكتێگەیشتنەكەش دەكرێت پارە بۆ پڕۆژەكان لە بانكە جیهانییەكانەوە دابین بكرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە یاداشتی دوەمیشیان لەنێوان وەزارەتی كارەباو گروپی "یو جی تی رینیوەبڵ"دا ئیمزاكراوە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەكی تەواوەتی وزەی خۆر بە توانای 3 هەزار مێگاوات و سیستمێكی خەزنكردنی وزەی باتری بە توانای 500 مێگاوات لەسەعاتێكدا، لەگەڵ نوێكردنی هێڵەكانی گواستنەوەو دابەشكردنی كارەباو دامەزراندنی 1000 كیلۆمەتر لەژێرخانی نوێی گواستنەوەی راستەوخۆی كارەبا.

وتوشیەتی، یاداشتی دوەم، گواستنەوەی تەكنەلۆژیاو راهێنان و خستنەكارو چاككردنەوە بۆ ماوەی دو ساڵ لەخۆدەگرێت بە تەمویلكردنی لەلایەن بانكی هەناردەو هاوردەی ئەمریكی و ئاژانسی هەناردەی بەریتانی و بانكی جەی پی مۆرگان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×