ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاسایشی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا، پێنجەمین کۆبونەوەی باڵای میکانیزمی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچو.
ئاوێنە: بە سەرپەرشتی هەریەکە لە فواد خسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و بە ئامادەبونی بەرپرسانی بەرگری و هەواڵگری هەردو وڵات، پێنجەمین کۆبونەوەی باڵای میکانیزمی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچو.
وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (میت) ئیبراهیم کاڵن و جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا مونیر کاراڵئوغڵو ئەندامانی شاندی تورکیا بون کە بەشدارییان لە کۆبونەوەکەدا کرد.
دوای کۆبونەوەکە، هاکان فیدان قسەی بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبونەوەیەکی بەسودیان ئەنجام داوە و لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش ئامادە دەکرێت و جەختی لەوەش کردەوە کە هەردولایەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پرسە ئەمنییەکانەوە خستوەتە ڕو.
فیدان جەختی لەوەش کردەوە کە هەم عێراق و هەم تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا پرسە ئەمنییەکان و لەسەروی هەمویانەوە تیرۆر و هەروەها پێشهاتە ئەمنییەکان کە ڕەنگە لە داهاتودا بێتە پێشەوە، قسەیان لەبارەوە کراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر پەکەکە ڕایگەیاند: "عێراق لە ئێستادا وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو پەكەكە دەناسێت، لە ئاکامدا قەدەغەکراو و یان تیرۆریستی جیاوازییەکی نییە، ئەوەی کە لە دەرەوەی یاسایە تەواوە. ئەوەی گرنگە هەڵوێست وەرگرتنە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە عێراق چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلانە لەبارەی دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە.
وتیشی، پێویستە ڕێکخراوەکە چەک دابنێت و چی زوە خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
هاكان فیدان وتیشی، لە هەمانکاتدا پێویستە لە سوریاش ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق زو ئەنجام بدرێت و چی زوە سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتەش بگەڕێتەوە. هەم عێراق و هەم تورکیا لە چاوەڕوانی ئەوەدان و ئەوەمان هەم لە کۆبونەوەکەدا باس کرد و هەم لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشیشدا باسی دەکەین.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە نیگەرانییەکانی خۆیان لەبەرامبەر دۆخی شنگال کردوە و ئەوەیان بە شاندی عێراقی ڕاگەیاندوە و جەختیان لەوەش کردوەتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.