دەم پارتی لەگەڵ یەڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوەو داوا دەکات گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان هەڵگیرێت.
گولستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەپەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند رۆژی هەیینی داهاتوو پارتەکەی لەگەڵ یەڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوەو داواکارییەکی نوێ بۆ چوون بۆ ئیمرالی دەکرێتو مەرجەکانی یەڵماز تونچ بۆ سەردانی ئۆجالان تاوتوێ دەکرێت.
ئەو وتی "یەکەم پرس کە لەگەڵ وەزیری داد گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەڵگرتنی گۆشەگیری دەبێت، ڕاشکاوانە بڵێم هیوادارین پێشکەوتن لەم بابەتەدا بەدەستبهێنین."
سەبارەت بەوەش کە پێرڤین بوڵدان "پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی حوزەیران پڕۆسەکە بەتەواوی سەرکەوتوو بێتو پەکەکە کۆنگرە ببەستێتو چەک دابنێتو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە"، گوڵستان وتی "هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ پرۆسەکە نییەو پێویستە ئەمە وەک چاوەڕوانییەک هەڵسەنگێندرێت".
وتیشی "هیچ زانیارییەک لەبارەی وادەی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەئارادا نییە".