هەپەگە: دو گەریلا لە بۆردومانێكی توركیادا لە گارە شەهید بون
  2025-04-12       236       

هەپەگە رایگەیاند، وێڕای ئاگربەست، سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلاو دەشڵێت، رۆژی 7ی ئەم مانگە لە بۆردومانێكی توركیادا لە گارە، دو گەریلا شەهیدبون.

ئاوێنە: ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وێڕای ئاگربەستی هێزەكانمان، سوپای توركیا لە زەوی و ئاسمانە بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر گەریلا.

وتوشیەتی، رۆژی 7ی نیسان سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی گۆڕەپانی چراڤی ناوچەی گارەی کرد و لە ئەنجامدا دو هاوڕێمان شەهید بون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، رۆژانی 8  و 9ی نیسان، ناوچەی گارە دو جار و ناوچەی مەتینا جارێک و ناوچەی ڕۆژئاوای زاپ جارێک؛ بە گشتی 4 جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کران.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، رۆژی 9ی نیسان سوپای تورکیا لە دەوروبەری گوندی مەزنێی ناوچەی مەتینا ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجام دا. لەم ئۆپەراسیۆنەدا باخ و باخچەی گوندنیشینەكان لە لایەن داگیرکەرانەوە سوتێندران.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەنێوان رۆژانی 9 تا 12ی نیسان، ناوچەی خواكورك 33 جار، ناوچەی گارە 127 جار، ناوچەی مەتینا 272 جار، ناوچەی ڕۆژئاوای زاپ 594 جار؛ بەگشتی 1026 جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردومان کران.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە رۆژانی 9  تا 12 نیسان، هێزەكانیان بە چەكی فەردی و ئۆتۆماتێك و درۆن، پێنج جار وەڵامی هێرشەكانی سوپای توركیایان لە سنوری شیلادزێ لە مەتینا و لە ناوچەی رۆژئاوای زاب داوەتەوە كە لە دوایینیاندا گورزیان لەو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە وەشاندوە كە بە چەكی قورس تونێل و سەنگەرەکانی گەریلایان لە گۆڕەپانی سەرگەلێی ڕۆژئاوای زاپ بۆردومان دەكرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×