دوێنێ، لیژنەی ئامادەکاری كۆنگرەی نیشتمانی کورد لە شاری حەسەکە هەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەیان تاوتویی کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی وادەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رابگەیێنێت.
ئاوێنە: پێگەی "نۆرس پرێس" کە گرنگی بە ڕوداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات ئاشکرایکردووە ئەمڕۆ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، وادەی کۆنگرەی ناوخۆیی کورد بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا رادەگەیەنێت.
میدیاکە بڵاویکردووەتەوە کە دوێنێ، لیژنەی ئامادەکاری كۆنگرەی نیشتمانی کورد لە شاری حەسەکە بە ئامادەبونی مەزلوم عەبدی کۆبونەوەیەکی ئەنجامداو دواین هەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەكەی تاوتوێكردووە.
بەپێی پلانکە لە کۆنگرەکەدا، پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد، ئەنجومەنی نەتەوەیی کورد لە سوریا (ئەنەكەسە)، پارت و کەسایەتییە کوردییەکانی دەرەوەی ئەم دوو چوارچێوە بەشدار دەبن.
ئاشکراشی کردووە کە هەر ئەمڕۆ لە چەند کاتژمێری داهاتوودا مەزڵوم عەبدی، وادەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رابگەیەنێت.
ئامانجی کۆنگرەکە یەکخستنی گوتاری کوردە لە سوریا بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق.