مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی بە پارێزگابونی هەڵەبجەوە رایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی عێراق لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین بۆ تەرخانكردنی بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە "خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراو"ی هەڵەبجە، وتویەتی، ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەستخۆشیشی لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كردوەو وتویەتی"هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە."
مەسرور بارزانی جەختی كردۆتەوە "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت."
دەقی پەیامەكە:
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم. ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە.
دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە.لەم ڕوەوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەمو ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان