بەرگری شارساتانی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، لە گۆم و چەم و ڕووبارەکان دووربکەونەوە و بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی مەترسییەکانی مەلەکردن لە چەم و ڕووبارەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “گەرمای هاوین و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان، بانگێکی فریودەرن بۆ پەنابردنە بەر سێبەری ئاو و فێنکایی چەم و ڕووبارەکان. جوانیی دیمەنەکان و شەپۆلە هێمنەکانی سەر ئاو، زۆرجار وێنەیەکی خەڵەتێنەر دەخوڵقێنن کە مەترسییە شاراوەکانی ژێر ڕووکەشە ئارامەکە دەشارنەوە.
دەشڵێت: بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، لە سۆنگەی پەرۆشی قووڵی بۆ سەلامەتی گیانی ئێوەی ئازیز و لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوە دڵتەزێن و جەرگبڕانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گیانی چەندین ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لێ سەندینەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە بە توندترین شێوە هۆشداریتان پێ بدات سەبارەت بە مەلەکردن لەم شوێنانەی خوارەوە:
چەم و ڕووبارەکان: بەتایبەت ئەو ئاوانەی کە لێڵن، بنەکەیان نادیارە، یان خاوەنیشەپۆلی بەهێز و گەردەلوولی ژێر ئاون.
گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان: کە زۆرجار قوڵاییەکەیان نادیارە و زەلکاوی بنەوەیان دەبێتە هۆی گیانی لەدەستدان.
هەر شوێنێکی ئاویی دیکە کە بە فەرمی بۆ مەلەکردن دیاری نەکراوە و پێشینەی ڕووداوی خنکانی تێدا تۆمار کراوە.
بەرگری شارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، مەلەکردن لەم جۆرە ئاوانەدا، جیهانێکی تەواو جیاوازە لە مەلەکردن لە مەلەوانگە پارێزراو و ستانداردەکاندا. تەنانەت ئەگەر خۆت بە مەلەوانێکی لێهاتووش بزانیت، سروشتی ئەم ئاوانە (قوڵایی نەزانراو، شەپۆلی لەناکاو، ساردیی ئاو، بوونی قەڵبەزە و بەردی ژێر ئاو، لێڵی و نادیاریی بنەکەی) هۆکاری کوشندەن و زۆرجار لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی بەتواناترین کەسیشدان.
جەختیشیکردەوە، “تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێری وردی ئەم ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچی ئەم ڕێنماییە بکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. ئەم بڕیارە تەنها و تەنها لە پێناو پاراستنی گیانی بەنرخی خۆتان و ئازیزانتاندایە”.