پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی سەبارەت بە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی داد ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتو بە مەبەستی پڕۆسەی یاسایی داوای کۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتی داددا دەکەین.
ئاوێنە: پەروین بوڵدان، لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەردا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و كۆبونەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگەیان لەگەڵ ئەردۆغان ڕایگەیاند، لە دوای کۆبونەوەکە هەنگاوەکانی پرۆسەکە خێراتر دەبن، هەروەها لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بەردەوام دەبن.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ڕاگەیاندنی دەرنجامەکانی کۆبونەوەکەی 10ـی نیسان بە ڕێبەر ئاپۆ، سەردانی ئیمرالی دەکەن.
باسی لەوەشکردوە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بگۆڕێت بۆ زەمینەیەکی یاسایی ئەوا هەفتەی داهاتو داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری داد دەکەن.
بوڵدان وتیشی، بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەکە و بە تایبەت پەیوەیست بە “مافی هیوا” دەبێت هەنگاوی یاسایی بنرێت، تاوەکو پەرلەمان بەرپرسیارێتی نەگرێتە ئەستۆ، کێشەکانی پێش پرۆسەکە بەردەوام دەبن، دەمانەوێت لە هەفتەی داهاتودا لەگەڵ وەزیری داد دەربارەی هەنگاوی یاساییەکانی پرۆسەکە کۆبونەوە بکەین.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئامانجی کۆبونەوەکەمان قسەکردن و هەڵسەنگاندنە لەڕوی ئەوەی بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەکە پێویست بە گۆڕینی چ یاسایەک هەیە و پێویست بە چ یاسایەک دەکات، هەروەها قسەکردن دەبێت لەسەر ئەوەی پێویست بە چ هەنگاوێک دەکات، بۆچونەکان بگۆڕدرێنەوە، بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایانە درێژە بە کۆبونەوەکانمان دەدەین.