ئەمڕۆ یەكشەممە، پێنجەمین کۆبونەوەی باڵای میکانیزمی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا لە ئەنتالیا بەڕێوەچو. لە راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبونەوەكەدا هاتوە، پەكەكە هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر هەردو وڵات و گرنگە بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، جێبەجێ بكرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوە هاوبەشەكە، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و وەزیری ناوخۆی هەرێم كوردستان لەلایەنی عێراقی و هەروەها لە لایەنی توركی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، سەرۆكی دەزگای میت، جێگری وەزیری ناوخۆی توركیا، بەشداربون لە كۆبونەوەكەدا.
لە كۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان لەسەر گرنگی یەكێتی سیاسی و رێزگرتن لە سەروەری خاكی هەردو وڵات كردۆتەوە لەگەڵ زیادكردنی هاریكاری نێوانیان لە سەرجەم بوارەكاندا لەنێویاندا بواری سەربازی، ئاسایشی سنور، دژایەتی تیرۆر، پیشەسازی بەرگری، وزە، ئاو و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەژێر رۆشنایی ئەو هەڕەشە هاوبەشەی كە پەكەكە لەسەر هەردو وڵات دروستی دەكات، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە كرایەوە. لەمبارەیەوە هەردولا سەرلەنوێ جەختیان لە خواستی هاوبەش كردەوە بۆ پاراستنی هەماهەنگی و هاریكاریی پتەوی نێوانیان لەدژی ئەو هەڕەشە هاوبەشە."
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردولا گفتوگۆیان لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش كردوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمپی هۆل و كەمپی رۆژ و كەمپەكانی دیكە لە سوریا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە هەردولا جەختیان لە دامەزراندنی سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كردۆتەوە لەنێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا كردۆتەوە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر.
هەردولا نیگەرانی قوڵی خۆیان بەرامبەر بەو "پێشێلكارییە دیارانە" دەربڕیوە كە ئیسرائیل لەدژی دانیشتوانی كەرتی غەززەو لوبنان و هەروەها لەنێو خاكی سوریا ئەنجامیان دەدات.
هەروەك هەردولا پێشوازییان لە ئەنجامە ئەرێنییەكانی كۆبونەوەی دوێنێی نێوان وەفدی ئەمریكی و ئێرانی لە مەسقەت كردوەو جەختیشیان كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە بەردەوامی ئەو گفتوگۆیانە رێگە خۆش دەكات بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ناكۆكییەكان.