عەبدولزەهرە هنداوی ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان و ئاوارەکان و دانشتووانی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەین بەشداریی لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بکەن، دەبێت وەڵامەکانیان درووست بێت بۆ ئەوەی شووناسی خۆیان لە دەست نەدەن، دەشڵێت، کەسێک بە بێ هۆکار بەشداریی پڕۆسەکە نەکات، لە سەرجەم فەرمانگە حکوومییەکان کێشەی ڕاییکردنی مامەڵەی بۆ درووست دەبێت.
ئاوێنه: عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پلانی سەرژمێری تەنها بۆ مەبەستی گەشەپێدانی گشتیی داڕێژراوە و داوا لە هاووڵاتیان و ئاوارەکان و دانيشتووانی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەین بەشداریی لەو پڕۆسەیە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
وتيشى، حکوومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە کە دەوترێت ئەنجامی سەرژمێریەکە بەهۆی ئاوارەکان و ئەوانەی شوێنی نشتەجێبوونی خۆیان گۆڕیوە، دیمۆگرافیای سنووری پارێزگاکان و شووناسی هاوڵاتییان دەشێوێنێت.
دەشڵێت، ئەوانەی شوێنی نیشتەجێی بوونیان گۆڕاوە پرسیار لە هۆکارەکەیان دەکرێت کە ١٦ پرسیاریان لێ دەکرێت لە بارەی ئاوارەبوونیان و دەبێت وەڵامەکانیان درووست بێت بۆ ئەوەی شووناسی خۆیان لە دەست نەدەن.
باسی لەوەشكرد، تۆمارکردنی داتا و زانیاری خێزان و کەسی و خانوو و تەنانەت پێداویستییەکانی دیکە لە لایەن تیمەکانی سەرژمێری، لە داهاتوودا دەبێتە بنەمای درووست بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت، بۆیە هەر کەسێک بە بێ هۆکار بەشداریی پڕۆسەکە نەکات، لە سەرجەم فەرمانگە حکوومییەکان کێشەی ڕاییکردنی مامەڵەی بۆ درووست دەبێت.
جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد بە مەبەستی کۆکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان و داتاکانی پێوەست بەم پرسەوە. هەروەها بەو هۆیەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە.