میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کەمئەندام بوو بە جۆرێك قاچێكی لەدەستدا، دەشڵێن، ئەو كۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو.
لە هەواڵەكەدا هاتووە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئەحمەد ڕەزایی، خەڵکی شاری جوانڕۆ بە هۆی تەقینەوەی مینەوە قاچی بە سەختی بریندار بوو و دواتر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەدوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پزیشکەکان ناچار بوون قاچێكی ببڕنەوە.
دەشڵێن، ئەحمەد ڕەزایی خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سنە و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی کوژران و برینداربوون، لەم ژمارەیەدا ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.