وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ژوری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان پشوی سەرژمێری بۆ ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانە درێژکردەوە کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (سنوری ماددەی 140)ن و بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا، ئەوەش هاتوە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ژوری عەمەلیاتی سەرژمێری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری، پشوی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندان، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی سنوری ماددەی 140ن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو 10ـی کانونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی دوەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕبکەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتوشیەتی، لەدوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە رۆژانی 20و 21ی مانگ پشتراست دەکرێتەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە پرسیار و زانیاری زیاتری تێدایەو پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەمو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دوەم بە دروستی پڕبکەنەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشوی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتییان دەدرێتێ تا ئەو کاتەی بژمێرەکان دوبارە سەردانیان دەکەنەوە تاوەکو هەمو پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت.