لەنوسراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە سەنگەری گواستنەوەی لەنێوان هێزەکانی قەدەغەکرد، هەر بەپێی نوسراوەکە سزای ئەو کەسانەش دەدات سەنگەر لەنێوان یەکێتی و پارتی دەگوازنەوە.
ئاوێنە: بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە کە کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە و واژۆی (شۆڕش ئیسماعیل)ی وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، سەنگەر گواستنەوەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغە کردووە، نوسراوەکە وێڕای ئەوەی دیاردەکە بە "قێزەون" ناودەبات، سزای یاسایی ئەو کەسانەش دەدات کە سەنگەر لەنێوان یەکەکانی یەکێتی و پارتی دەگوازنەوە.
نوسراوەکەی وەزیری پێشمەرگە کە لە ڕۆژی ١٢ی مانگی ١١دەرچووە، باس لەوە دەکات لەپێناو دروستکردنی هێزی "یەکگرتووی کوردستان" ئەم بریارەی داوە.
لە ناوەرۆکی بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە "لەپێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی "یەکگرتووی کوردستان" بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی سەنگەرگواستنەوە لەناو هێزی پێسمەرگەی کوردستان بە فەرمانی وەزاریمان ژمارە ١٦٠٨٥".
ئاماژە بەوەکراوە "بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناشرین و نا نیشتیمانییە لە چەند یەکەیەکی دیاریکراودا، ئاگاداری تەواوی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی دەکەینەوە کە هەر حاڵەتێک لەم شێوەیە ڕووبدات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە".
لە خاڵێکی دیکەی فەرمانە وەزاریەکەدا ئاماژە بە "هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گواستنەوانە دەکات کە لەدوای فەرمانە کۆنەکەی ساڵێ ٢٠١٩ەوە کراون".
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە ناوی ئاشکرانەکراوە، دەڵێت "پرسی سەنگەر گواستنەوە لەنێوان یەکەکانی یەکێتی و پارتی بووەتە دیاردە و لە پێش هەڵبژاردنەوە سەریهەڵداوە بووەیە وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە".
سەرچاوەکە دەشڵێت "پێشتریش ساڵی ٢٠١٩ ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام کاری پێنەدەکرا، لەدوای سەرهەڵدانەوەی دیاردەکە، وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە".
دەرکردنی ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦وە جگە لە دابینکردنی ٢٠ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بەمەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان. بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئەو ٢٠ ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا ٢٥، واتە لە ٢٠٢٦دا سفر دەبێتەوە.