لە سەرژمێریدا رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتر بێت لە ١٢.٦٧ بودجەی هەرێم کەمدەکرێتەوە
  2024-11-19       458       

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەبێتە بنەمایەک بۆ داڕشتنەوەی بودجەی وڵات، بۆیە گەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم ١٢.٦٧ کەمتر بێت ئەوکات پشکە بودجەی هەرێمیش کەم دەکرێتەوە.

ئاوێنە: فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە یاسای بودجەی عێراق دا لە ساڵی ٢٠٠٥، ئەوکات ڕێژەی ٪١٧ بۆ هەرێمی کوردستان دانرا، ئاماژە بەوەکرابوو ئەم بڕە بودجەیە تا ئەوکاتەیە کە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدرێت، گەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتربوو بودجەی کەم دەکرێتەوە و زیاتریش بوو زیاد دەکرێت".

پێشتر رێژەی ٪١٧ی بودجەی عێراق وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام دواتر پشکە بودجەی هەرێم بۆ ١٢.٦٧ کەمکرایەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی سەرژمێری گشتی رێژەی دانیشتوانی هەرێم ڕوونبکاتەوە.

فازڵ نەبی ئاماژە بەوەش دەکات "سەرژمێری دەریدەخات رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەسەدا چەندی رێژەی دانیشتوانی عێراقە، بۆیە ئەنجامی سەرژمێری دەبێتە بنەما بۆ داڕشتنەوەی یاسای بودجەی عێراق".

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، ٢٠ی مانگی ١١ی ٢٠٢٤، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت و لیژنەی باڵای سەرژمێری لە ١٨ کەس پێکهاتووە، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆو پلان دانانی هەرێم ئەندامن لە لیژنەکەدا.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بۆ ئەوەیە بکرێتە بنەمای داڕشتنەوەی بودجە، بۆیە ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان."
یەکێک لە مەترسییەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتربێت لە ١٢.٦٧ و پشکە بودجەی هەرێم لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی کەم بکرێتەوە.

بەوتەی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق "گرفتی گەورە ئەوەیە دانیشتوانی خوارووی عێراق وەچە زۆر دەخەنەوە، لەکاتێکدا دانیشتوانی هەرێم چاو لە ئەوروپا دەکەن و پێیانوایە وەچە خستنەوەی زۆر قورسە".

وتیشی "هەرچەندە ترس هەیە لەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمتر بێت لە ١٢.٦٧، بەڵام پێموایە رێژەی دانیشتوانی هەرێم لەو ژمارەیە زیاترە. بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانانی عێراق رێژەی دانیشتوانی هەرێم ١٣.٩ی کۆی دانیشتوانی عێراقە".

جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕی ٤٧٠ ملیار دیناری بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی پەسەند کرد، بەو پێیەی سەرژمێری گشتی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکان دەردەخات و ئەنجامەکەی دەکرێتە بنەمای تەرخانکردنی بودجە بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×