پارێزگای سلێمانی بە فەرمی داوای تەوتین دەكات
  2024-11-18       653       

هەوڵەکانى تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، شێوازێکى فەرمى وەرگرت و بۆ یەکەمجار لێپرسراوێکى حکومەتى خۆجێیی سلێمانى پرسەکەى گەیاندە بانکى ناوەندیى عێراق.

ئاوێنە: بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی، كە واژۆی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی لەسەرە و ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە، داوا لە بانكەكە دەكات بە پشتبەستن بە رێكارە كارپێكراوەكان و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی دەستپێبكات.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، "بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تایبەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان، داوا لە بانكەكەتان دەكەین، رێكارە پێویستەكانی تایبەت بەو پڕۆسەیە لە پارێزگای سلێمانی دەستپێبكەن".

ئەم رێکارە فەرمییە پاش ئەوە دێت، لە دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانەوە، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین، فۆڕمى تەوتینی فەرمانبەران و خانەنشینیانیان پڕکردەوە و هەژمارى منیان رەتکردەوە.

هەر لە چوارچێوەى هەوڵەکانى تەوتیندا، لە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024شدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی تیمێکی یاسایی و ئەندامەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد سکاڵای یاسایی لەسەر 'هەژماری من' و رێگری لە جێبەجێکردنی تەوتین تۆمارکرد.

لە سکاڵاکەدا ئاماژەبەوەکرابوو، بەزۆر ناچارکردنی فەرمانبەران بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە 'هەژماری من' لە بانکە ناحکومییەکان بە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دادگای لیکۆڵینەوە سکاڵاکەی قبوڵکرد و رێکارە یاساییەکانی دەستپێکردووە.

یەکێکى دیکە لە هەوڵەکانى تەوتین، کردنەوەى لقى هەردوو بانکەکانى رەشید و رافیدەینە لە سلێمانى و لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى دارایى عێراق رەزامەندى داوە.

هەوڵەکانى تەوتین لە کاتێکدایە، پرۆژەى هەژمارى من، کە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى دەکرێت لە کارەکانى بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 500 هەزار مووچەخۆر تۆمارکراون و بڕیارە لە ساڵی 2025دا زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.

لە پەیجى فەرمى هەژمارى مندا، هاتووە "سەرجەم بانکەکانی پڕۆژەی هەژماری من رێگەپێدراوی بانکی ناوەندین و بەگوێرەى دواهەمین روونکردنەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق، لە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×