بەهۆی ئەوەی سبەی پڕۆسەی سەرژمێریکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، هاوڵاتییەکی زۆر بەرەو کەرکوک گەڕاونەتەوە، بەڵام شۆفێرانی هێڵی سلێمانی – کەرکوک و تەکسی ناوخۆ ئەو دۆخە دەقۆزنەوە و کرێی گواستنەوە دەکەن بە ١٥ هەزار دینار، سەندیکای شۆفێرانی سلێمانیش رایگەیاند، سێ شۆفێریان ئاشکراکردووە و سزادراون.
ئاوێنە: ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی تایبەت بە ئاوێنەی راگەیاند "لەدوای کاتژمێر ٢ ئاگادارکراینەوە کە ئۆتۆمبێلی نێوان سلێمانی – کەرکوک چونکە کەمە، لەگەڵ تەکسییە ناوخۆکان زۆربەیان داوای ١٥ هەزار دیناریان لەسەرنشین کردووە، بەڵام بەرپرسی هێڵی کەرکوک پەیوەندی پێوە کردم کاتژمێر ٤ سێ ئۆتۆمبێلی هێڵەکەیان کە داوای ١٥ هەزاریان کردووە وەکو سزایەک بۆ ماوەی هەفتەیەک لەکار دوریانخستونەتەوە".
وتیشی "بەهیچ شێوەیەک ئەو شۆفێرانەی هێڵیان هەیە و فەرمین بۆیان نییە بەبێ ئاگاداری سەندیکا و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی هیچ زیادکردنێک بکەن".
سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر ئامادە نەبن بوەستن لەو زیادکردنە، کتابیان بۆ دەکەین بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەوێش بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەردەچێت و پێبژاردنی بۆ دەکرێت".
لەبارەی بڕی پێبژاردنەکەشەوە، ناوبراو ئاشکرایکرد "دەسەڵاتمان هەیە ٧٥٠ هەزار دینار پێبژاردنیان بۆ بکەین ئەمە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییە، بەڕێوەبەرایەتی مروریش لای خۆیانەوە دەتوانن لە ١٠٠ هەزار دینار بەرەو سەرەوە سزایان بدەن، هەتاوەکو پارەی زیاتر وەربگرن سزاکەیان قورستر دەبێت".
ئازاد ئەحمەد هاوڵاتییانیش ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەو خاوەن تەکسییە ناوخۆیانەی کە هەمویان لۆگۆکانیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیانە داوای هەر زیادکردنێکیانکرد، "دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن یان پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە بکرێت و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنیان بۆ دەردەکەین".