بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچبەران بەریتانیا پارە بە هەرێم دەدات
  2024-11-18       462       

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە كۆچبەران، بەریتانیا بە نیازە پارە بداتە هەرێمی كوردستان و توركیا و ڤێتنام.

ئاوێنە: ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەبارەی هەوڵەكانی بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە: حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی ڕۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەتی وڵاتان، لەنێویاندا حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا و ڤێتنام، سەبارەت بە هاوكاری و ڕێككەوتنی ئەمنی، كە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.

هاوکات، كەیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی ڕۆیشتنی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی ٢٠ لە بەرازیل ڕایگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێك جار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

باسی لەوەشکرد، حكومەت پلانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە تاوانكاریانەی كە بەشدارن لە قاچاخچێتی بە خەڵكەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×