وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 11 دەکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات بۆ بەغدا بنێردرێت.
ئاوێنە: مانگێک بەسەر تەواوبوونی مووچەی مانگی نۆ تێپەڕیوە و زیاتر لە دوو هەفتەشە لیستی مووچەی مانگی 10 بە چاککراوی نێردراوەتەوە بەغدا، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی خەرج نەکردووە، لە ئێستاشەوە ئامادەکاری بۆ لیستی مووچەی مانگی 11 دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە بەزووترین کات لیستی مووچەی مانگی 11 یان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا پاکێجی لیستی مووچە ئامادە بکرێت و بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت بەمەبەستی وردبینیکردن لێی.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ ڕەزامەندی لەسەر چارەسەرکردنی گەورەترین کێشەی بەردەم مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 دەربڕیوە، کە گواستنەوەی پارە بوو لە پشکی بەکارخستن بۆ پشکی مووچە لە یاسای بودجە، بەمەش لەمپەر لەبەردەم خەرجکردنی ئەو سێ مووچەیە نامێنێت.
گواستنەوەی پارە لە بودجە و خەرجکردنی مووچە لە دەسەڵاتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە، ئاڤا زانیویەتی چەند ڕۆژێکە لە دەرەوەی وڵاتە، بۆیە خەرجکردنی مووچە دەکەوێتە دوای پرۆسەی سەرژمێری و هەفتەی داهاتوو.