وەزارەتی دارایی  هەرێم: سبەی خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی 9 رادەگەیەنین
  2024-10-16       301       

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول رادەگەیەنن، دەشڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەغدا زیاتر لە 109 ملیار دیناری دیكەی بۆ موچە ناردوەو  لە ئێستادا نزیكەی 800 ملیار دیناریان لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەغدا بڕی 109 ملیارو 663 ملیۆن و 329 هەزار دیناری وەك شایستەی ڕاگیراوی موچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمموز و ئاب و ئەیلولی وەزارەتی کارەباو سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەو موچەخۆرانەی ناویان لە یەکچو بو لەگەڵ ئەو موچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابو، خەرجكرد.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ موچەی مانگی ئەیلول نزیکەی 800 ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی ئەیلول نزیکەی (997) ملیار دینارە.

وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی، سبەی پێنجشەممە (17/10/2024) خشتەی موچەی مانگی ئەیلول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردو.

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم:

سبەی پێنجشەممە خشتەی موچەی مانگی ئەیلول ڕادەگەیەندرێت

ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی موچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردو ڕاگیرابون لە شاری بەغدادن و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە، بەشی زۆری کێشەکانی لیستی موچەیان چارەسەر کردوە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.

١- ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٤/١٠/١٦) بڕی (١٠٩،٦٦٣،٣٢٩،٠٠٠) سەدو نۆ ملیار و شەشسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی موچەی مانگەکانی ئایارو حوزەیران و تەموز و ئاب و ئەیلولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەو موچەخۆرانەی ناویان لە یەکچو بو لەگەڵ ئەو موچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابو خەرجکرا.

٢- شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغدا دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو موچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لەموچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمن و لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەموچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێم لە مانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی موچەکەیانی جێبەجێکردوە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردوە.

 ٣- بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ موچەی مانگی ئەیلول نزیکەی ( ٨٠٠ ) ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی ئەیلول نزیکەی ( ٩٩٧ ) ملیار دینارە.

٤- سبەی پێنجشەممە ( ٢٠٢٤/١٠/١٧) خشتەی موچەی مانگی ئەیلول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردو.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری

٢٠٢٤/١٠/١٦

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×