شاسوار عەبدولواحید: بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دوا رۆژەکانی تەمەنیاندا دەژین
  2024-10-15       344       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دوا رۆژەكانی تەمەنیاندا دەژین و دەشڵێت، 20ی ئۆكتۆبەر كۆتا دەرفەتە بۆ كۆتاییهێنان بەو حوكمڕانییە خراپ و شسكتخواردوەی پارتی و یەكێتی.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دوایین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی جوڵانەوەكەدا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە کۆتا دەرفەتە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی بەو حوکمڕانییە خراپ و شکستخواردوەی پارتی و یەکێتی بهێنن. وتیشی، "خەڵک نەڕوات بۆ دەنگدان، دوای هەڵبژاردن دۆخەکە خراپتر دەبێت".

شاسوار عەبدولواحید وتیشی "بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دوا رۆژەکانی تەمەنیاندا دەژین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕوا بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات مەکەن، بۆیە نەوەی نوێ بکەنە یەکەم مووچە و ژیانی خەڵک باش دەکەین و کەرامەتیان دەپارێزین".

شاسوار عەبدولواحید پەیامی بۆ دەسەڵات نارد وتی، "هەڕەشەکانی دەسەڵات سەگی بەردەرگاکەشمان ناترسێنێت و حسابیان بۆ ناکەین، حوکمڕانی بگرینە دەست لە بەردەرکی سەرا و قەڵای هەولێر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی هەڵدەواسین".

لە درێژەی وتارەکەیدا شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەکرد، "33 ساڵە پارە بە هەڵەبجە کۆدەکەنەوە نەیان توانی فیلیمێک بۆ هەڵەبجە دەربکەن".

لەبارەی پلانەکانی نەوەی نوێ ، شاسوار عەبدولواحید وتی، "دوای بونمان بە هێزی یەکەم و گرتنەدەستی دەسەڵات، لەگەڵ بەغدا رێک دەکەوین و کێشەی موچە لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەکەین، بەجۆرێک موچەخۆرانی هەرێم هەمو مانگێک لە وادەی خۆیدا موچەکانیان وەر بگرن".

ئەوەشی خستەڕو، "جگە لەوە بازاڕ دەبوژێنینەوە و ئەو باج و سەرانەیەی کە زیاد کراوە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، کەمی دەکەینەوە".

سەبارەت بە پڕۆژەکانیان بۆ توێژی گەنجان باسی لەوە کرد، " کار و یەکەی نیشتەجێبون و سولفەی هاوسەرگیری بۆ سەرجەم گەنجانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دابین دەکەین، گرنگی بە سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەش دەدەین لەپێناو دابینکردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتیان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×