مەسعود بارزانی: دوای هەڵبژاردن كۆتایی بە هاوپەیمانی مافیاو تیرۆر دەهێنرێت
  2024-10-15       454       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، یەكەمین كاری پەرلەمانی داهاتو نوسینی دەستورو هەروەها سڕینەوەی ئاسەواری ئەو پلان و بڕیارانەیە كە لە دژی هەرێم دەرچون و جەختیش دەكاتەوە كە  دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت و كۆتایی بە هاوپەیمانیی مافیا و تێرۆر دەهێنرێت و دەشڵێت، دوای هەڵبژاردن پارتی بە دڵێكی فراوان دەستی برایەتی بۆ هەمو لایەك درێژ دەكات و تاكە مەرجیشی "دڵسۆزی و وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاكی كوردستان."

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەدوایین كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە یاریگا‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر و وتەیەكی پێشكەش كردو رایگەیاند"لە یەكەمین هەڵبژاردنەوە تا ئەخیر هەڵبژاردن، پارتی هەر یەكەم بوە و لەمەودواش هەر یەكەم دەبێت."

مەسعود بارزانی لە وتەكەیدا داوای كرد رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر هاوڵاتیان بچنە سەر سندوقی دەنگدان و "دەنگ بە لیستی 190 بدەن، بۆ ئەوەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێت."

سەرۆكی پارتی وتیشی"یەكەمین كاری پەرلەمانی داهاتو نوسینی دەستورە، هەمواركردنەوەی هەندێك یاسایە، دەركردنی هەندێك یاسای دیكەیە، سڕینەوەی ئاسەواری ئەو پلان و بڕیارانەیە كە لە دژی هەرێم دەرچون و ویستیان قەوارەی هەرێم نەهێڵن و تێكی بدەن."

جەختیشی كردەوە كە "دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت، یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگەو كۆتاییهێنان بە هاوپەیمانیی مافیا و تێرۆر، لە هەموشی گرنگتر، كۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستكردنی ماددەی هۆشبەر كە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئایندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە بەرامبەر بەم میللەتە دەكرێت."

مەسعود بارزانی لەبارەی دروشمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكان و دروشمەكانی حزبەكەی وتی"دروشمی پارتی دروشمی حزبێكە كە هەست بە مەسئولیەتی مێژویی خۆی دەكات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری، پارتی وەسیلەیە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان. با تەماشای دروشمەكانی لایەنەكانی تریش بكەین، هەندێكیان، لادانە و نەهێشتنە و دەركردنە، بەخوا خۆشیان دەزانن كە پێیان ناكرێ و ناتوانن."

سەرۆكی پارتی وتی"تەمەننام دەكرد دروشمەكانی لایەنەكانی تر كێبڕكێ با لەگەڵ پارتی لەسەر پرۆژەی باشتر، خزمەتگوزاریی باشتر، تەبایی و برایەتیی قوڵتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر، پارتی بە دڵێكی فراوان، بە هەستكردن بە مەسئولیەتێكی گەورە، دەستی برایەتی بۆ هەمو لایەك درێژ دەكات، مەرجی ئێمە تەنیا یەك مەرجە، دڵسۆزی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاكی كوردستان."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا "من بەو بەڕێزانە دەڵێم، كاكە ئێمە هەمومان ئاخیری كوردین، كوردستانین، خەڵكی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە نەكەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی شتتان دەست بكەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و بە برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەكەوێت، بە حەیاتی بەزۆر دەستتان ناكەوێت و ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە پارتی بڕوخێنن، كاكی خۆم، كەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز، خۆیان تەجروبە كرد و خۆیان ڕوخان، پارتی هەر ما و هەر دەمێنێت."

سەرۆكی پارتی داوای لە ئەندامانی حزبەكەشی كرد كاتی خۆیان "خەسار نەكەن بە وەڵامدانەوەی وشەی سوك و هەڵوێستی سوك." و "تەركیز بكەنە سەر چۆنیەتیی پاراستنی هەرێم و پاراستنی ئازادی و دیموكراسی...بنیادنانی ژێرخانێكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان...خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان."

لە كۆتایی وتەكەیدا مەسعود بارزانی سوپاسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی كردو وتی"بە قسەی برادەران و هەڤاڵانمان، تا ئێستا كاری خۆیان بە ڕێكوپێكی كردوە، ئومێدەوارم هەروا بەردەوام بن و نەهێڵن هیچ لایەنێكی تر دەستێوەردان بكات لە هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×