نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی: ئامانجی پارتی ئەوەیە لە سەرانسەری هەرێم دەسەڵاتی هەبێت
  2024-10-14       588       

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌ سلێمانییه‌وه‌، رایگه‌یاند، پارتی ئامانجی ئەوەیە حکومەت و دەسەڵاتی سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان هەبێت و داواش لە خەڵكی سلێمانی دەكات بۆ یەكجاریش بێت دەرفەت بە پارتی بدەن، "بزانن پارتی چۆن دەتوانێت ئەو بەڵێنانەی داویەتی جێبەجێی بكات."

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی له‌ مه‌راسیمی بانگه‌شه‌ی پارتی له‌ سلێمانی، رایگه‌یاند، "هەرجارێك دێمە سلێمانی نەک یادگاری خزمایەتی و هاوشاریم، بەڵکو پەیوەندیی دێرینی پارتی و بارزانی دێتەوە بیر هەمومان، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ سلێمانی پەیوەندی خەبات و هاوکارییە، لەکاتی شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەدی بارزان ئەو پەیوەندییە دروست بوە، هەروەها ساڵانی سییەکان، ڕژێمی پاشایەتی بارزانی و هەڤالانی دورخستەوە بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی، بەڵام سلێمانی بوە مەئوا بۆ بارزانی و هەڤاڵانی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پارتی و بارزانییەکان مێژویەکی تایبەتیان لەگەڵ سلێمانی هەیە، لەبەرئەوە هیچ لایەنێک ناتوانێت درز بخاتە ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ سلێمانیدا هەیە، خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری نیشتیمانپەروەر و کوردپەروەرن، ئازادیخوازن، بۆیە لەدژی حکومەتی بەغدا کۆمەکی بارزانییان کرد، لەجیاتی ئەوەی سیخوڕیان بەسەرەوە بکەن".

نێچیرڤان بارزانی ڕو له‌ لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی وتی، "ئێوەی دڵسۆز و وەفادار و خۆڕاگر، هەمیشە لەبەر پارتیبونتان باجی زۆرتان داوە، بەرگەی زۆری گوشاری دەرونیتان گرتوە، لەهەمو ئیمتیازو خێری ئەو دەڤەرە بێ بەشبون، ئێستاش ئێوە نمونەی ئەو پەیوەندییە دێرینەن لە سلێمانی". 

نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌شكرد، پارتی ئامانجی ئەوەیە و هەمیشەکاری کردوە، حکومەت و دەسەڵاتی سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان هەبێت، کە بتوانێت وەک یەک و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەی کوردستان بکات.

په‌یوه‌ست به‌ دۆخی سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی وتی، "خەڵکی سلێمانی زۆر باجی لایەنە سیاسییەکانیان داوە، بۆیە پارتی هەوڵ دەدات هێچی دیکە خەڵک نەبنە ئامانجی ململانێ و قوربانی و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان، شایستەی باشترین ژیان و ئارامی خۆشگوزەرانین".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، رو لە دەڤەری سلێمانی دەكەین و پێیان دەڵێین بۆ یەكجاریش بێت دەرفەت بە پارتی بدەن، بزانن پارتی چۆن دەتوانێت ئەو بەڵێنانەی داویەتی جێبەجێی بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×