راگەیەندراوێك لە كۆمسیۆنەوە لەبارەی رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
  2024-10-15       318       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، درێژناكرێتەوەو دەنگدانیش تەنیا لەڕێگەی كارتی بایۆمەتریی دەنگدەرەوە دەبێت.

ئاوێنە: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئیوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بنكەو وێستگەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتژمێر 7ی بەیانی تاوەكو 6ی ئێوارە كراوە دەبن لە رۆژی هەینی 18/10/2024 بۆ دەنگدانی تایبەت و رۆژی یەكشەممەش 20/10/2024 بۆ دەنگدانی گشتی و پڕۆسەی دەنگدان درێژ ناكرێتەوە لەبەرئەوەی پڕۆسەی كردنەوەو داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوپاتی كردۆتەوە كە دەنگدان تەنیا لەڕێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتریی دەنگدەرەوە دەبێت و بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیس رێگە نادرێت بە بردنە ژورەوەی ئامێری مۆبایل و كامێرا بۆ ناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، تەنیا لەو بنكانە نەبێت كە بۆ راگەیاندنكاران تەرخان كراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×