بافڵ تاڵەبانی بۆ دەسەڵاتدارانی پارتی: فێرتان ئەكەین ئێوە بەشەرن فیرعەون نین
  2024-10-15       388       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە هەولێرەوە پەیامێكی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی پارتی كرد و وتی، "فێرتان ئەكەین ئێوە بەشەرن، فیرعەون نین. ئەو تاكڕەوییەتان لێرە ئەوەستێنین."

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دوایین كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا وتی"پارتی و جەنابی سەرۆك وەزیران داوایان كردوە رونكردنەوە بدەم كە كۆتایی بە چی دەهێنم. بۆ جەنابی سەرۆك وەزیران ئەوە پێت دەڵێم: كۆتایی بەم رژێمە دەهێنین كە رۆژ بە رۆژ ئەم كوردستان پیرۆزە ئەبات بەرەو سیاسەتێكی پۆلیسی."

وتیشی"كۆتایی بەو ناعەدالیەتییە ئەهێنین كە لەنێو ئەم حكومەتە هەیەو بەچاوی جیاواز سەیری خەڵك دەكەن كە هەموی كوردەو یەكە. ئەوەی كە توانای ئەوەتان نییە كە سادەترین شت بكەن بۆ میللەتەكەمان كە پێدانی موچەیە، كۆتایی بەوەش دەهێنین."

ئاماژەی بەوەشدا"ئەو هەمو زەوییەتان خوارد، ئەو هەمو گەندەڵییەتان كرد، زەوی لە هەولێر نەماوە هەمویان خوارد. زەوی كریستیانەكان لە موسڵ هەمویان خوارد. وتیان هەولێر دەكەینە دوبەی، لەبەر سەرانە سەندن و گەندەڵی هەمو بزنسمانێكی هەولێر، هەولێری جێهێشتوەو چوەتە دوبەی، كۆتایی بە مانە دەهێنین."

هەروەها وتیشی،"بە لا الله الا الله، فێرتان ئەكەین ئێوە بەشەرن، فیرعەون نین. ئەو تاكڕەوییەتان لێرە ئەوەستێنین."

بافڵ تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"لەو هەمو قسانەی پارتی بە منیان وت، یەك شت ئازاری دام كە وتیان بافڵ كتێب ناخوێنێتەوە، زا بخودێ هەمو پارتی كۆبكەینەوە یەك كەسی تیا نییە بە قەدەر من حەزی لە كتێب خوێندنەوە بێت."

وتیشی"من دوژمنی ئەو تاكڕەوییەی ناو پارتیم كە خەریكە كوردستان كاول دەكات."

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو كەمینەیەی ناو پارتی، ناوی بارزانییەكانیان ناشرین كردوە. لە دنیا خەریكە ناوی بارزانی و دیكتاتۆر ئەبنە یەك وشە. ئەمە بو سیاسەتی شێخ ئەحمەدی بارزان، نەخێر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×