لاهور شێخ جەنگی: 8ی تەمموز رێككەوتنی ئامۆزاكانم و بنەماڵەی بارزانی بو بەپشتیوانی توركیاو ئێران
  2024-10-15       519       

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل رایگەیاند، روداوی 8ی تەمموز كە لەناو یەكێتی دژی كرا، رێككەوتنی ئامۆزاكانی بوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی بە پشتیوانی توركیاو ئێران. دەشڵێت، ئەوانەی ئێستا خۆیان بەسەر سلێمانیدا سەپاندوە هیچ نەبون و من دەستم گرتن و هێنامنە پێشێ، من وامزانی کوڕی مام جەلالن و وەک و ئەو وەفا و ئەمەکیان هەیە.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆتا گردبونەوەی هەڵمەتی بانگەشەی حزبەكەیدا وتی"سلێمانی لای ئێمە شادەماری هەمو گۆڕانکارییەکی سیاسییە، هەر هێزێک بەوەفا بوبێت بۆ شاری هەڵمەت و قوربانی پاداشتی کردوە هەر هیزێکیش بێ وەفا بوبێت سزای داوە."

سەرۆكی بەرەی گەل وتیشی"من بەشەخسی قەرزاری سلێمانیم، بە ژیانی خۆشم بێت ئەو قەرزە دەدەمەوە."

ئاماژەی بەوەشدا"ئەوانەی ئێستا خۆیان بەسەر سلێمانیدا سەپاندوە هیچ نەبون و من دەستم گرتن وهێنامنە پێشێ، من وامزانی کوڕی مام جەلالن و وەک و ئەو وەفا و ئەمەکیان هەیە بۆ خەڵکی دڵسۆز و ماندو، ئەوە هەڵەو دڵپاکی منەو داوای لێبوردن دەکەم و راستی دەکەمەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە "ئەم ناوچەیە بەدەست گروپێکی بێفکر و روئیاوە بەتاڵکراوەتەوە."

لاهور شێخ جەنگی وتیشی"هەشتی تەمموز رێککەوتنی ئامۆزاکانم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی بو لە دژی من، بە پشتیوانی تورکیا و ئێران گروپی میلیشیاکان."

هێمای بۆ ئەوەش كرد"هەڵەبجە لە دیدی ئێمەدا رەمزی بێباکی و شکستی پارتی و یەکێتییە."

سەرۆكی بەرەی گەل وتیشی، خەڵک دەزانن کێن ئەوانەی چایچی و کاسبکار دەکوژن، لەمەودوا هەرکەس پۆستی گشتی هەبێت دەبێت خزمەتکار بێت یان بەرگەی شەقی گەل بگرێت.

هەروەها داواشی لە خەڵك كرد "سزای دەسەڵات بدەن و دەنگیان پێ مەدەن و بچوکیان بکەنەوە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لاهور شێخ جەنگی داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد كە حیساب بۆ هەڕەشە و فشاری پارتی و یەکێتی نەكەن و وتیشی"موچە و ژیانتان لای ئەو دو حزبە نەماوە و چوەتە بەغدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×