ئا: دیما ئەحمەد
یەکێتیو پارتی بودجەی بانگەشەی هەلبژاردنیان بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکەن، بەشێک لەحزبەکانی دیکەش دەڵێن "لەسەر حسابی گیرفانی خۆمان، یان بەپارەیەکی زۆر کەم بانگەشەی هەڵبژاردنمان بەڕێوە دەبەین".
یەکێتیو پارتی بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان ئاشکرا ناکەن
پەیامنێری ئاوێنە چەندین جار پەیوەندی بەپەرپرسانی پارتیو یەکێتییەوە کرد بۆ ئەوەی بودجەی خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ رای گشتی رابگەیەنن، بەڵام هیچ کام لەو بەرپرسانە ئامادە نەبوون، لەوبارەوە هیچ لێدوانێک بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، پارتیو یەکێتی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گەورەترین ریکلامو زۆرترین کەرنەڤالی کۆکردنەوەی خەڵکیان لەڕێگەی دەیان پاسەوە کردووەو زۆرترین پۆستەرو فلێکسو تەنافی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لەشوێنە گشتییەکاندا بڵاوکردوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەریەک لەم دوو حزبە پارەو بوجەیەکی زەبەلاحیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخان کردووەو هەر ئەمەش هۆکاری ئاشکرا نەکردنیەتی.
بەپێی بەدواداچوونی ئاوێنە، کاندیدەکانی یەکێتیو پارتی، وەک کاندید زۆرترین بڕە پارەیان دراوەتێ بۆ بانگەشەو ریکلامو هاتوچۆکردنو کۆکردنەوەی دەنگ، کە بەروارد بەکاندیدی لایەنەکانی دیکە زۆر زیاترە.
پارتی: هەر کاندیدەو دوو دەفتەر دۆلاری دراوەتێ بۆ بانگەشە
پارتی لەهەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن 190 کاندیدی هەیە، محەمەد عوسمان، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەبازنەی سلێمانیو ئاماژە بەوە دەکات کە وەک تیمێكی خێرخوازیی كار دەکاتو ئەو پارەیەی لەحیزبی وەرگرتووە نەیداوە بەپەڕۆو فیلێكسو لەبەری ئەوە كردویەتی بەسەبەتەی خۆراكو بەسەر ماڵە هەژارەكاندا دابەشی كردووە، ئەو وتی "پارتی بیست هەزار دۆلاری بۆ سەرفكردووم بۆ ئەم بانگەشەیە، بۆخۆشم ئەم چەند رۆژەی كە ماوە بۆ بانگەشە، دە هەزار دۆلارم سەرفكردووە كە نیوەی قەرزم كردووە".
وتیشی "لەم بانگەشەیەدا فێری كۆمەڵێك شتی جوان بووم وەك كاری خێرخوازی، كە توانیومە دڵی كەسانێك لەشارەكەمدا خۆش بكەم هاوكاریان بم، ماڵ هەبووە فەرشم بۆ كڕیوە یان عەرەبانەیەكم بۆ كەمئەندامێك كڕیوە، بەڵێنیش دەدەم دەرچم پارەی پەرلەمانتارییەكەم دەدەمە سەبەتەی خێرخوازی بۆ هەژاران".
یەکێتی: هەر کاندیدەو پانزە ملیۆن دیناری دراوەتێ
یەکێتی به ١٧٢ كاندید بهشداری لهههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان دهكات لەهەر چوار بازنەکە، قادر حەمە ساڵح بێستانی، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبازنەی سلێمانی لەبارەی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنو ئەو بڕە وەک کاندید لەلایەن حزبەکەیەوە پێیدراوە، ئەو وتی "من هیچ شتێك پێشكەشی خەڵك ناكەم تەنها دەگەڕێمو داوایان لێدەكەم دەنگم پێبدەن، ئەو پارەیەشی یەکێتی بۆی داناوم بۆ بانگەشە ناكرێت تەواو تەواو ئاشكرای بكەم، بەڵام بڕەكەی لەخوار پانزە ملیۆن دینارەوەیە".
وتیشی "ئەو پارەیەی دراومەتێ بەشی نەکردووەو من لەگیرفانی خۆم پارەم هێناوە سەرفم كردووە بۆ ئەم بانگەشەیە، كە نامەوێت بڕەكەی بڵێم، بەڵام هەموو كاندیدەكانی یەكێتی بڕێك لەپارەی گیرفانی خۆشیان سەرفكردووە".
گۆڕان: ٣ هەزار دۆلار بەهەر کاندیدێک دراوە
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، بزوتنەوەی گۆڕان بڕی ٣ هەزار دۆلاری دقوە بەهەر کاندیدێک، بەڵام منیرە عوسمان، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەوەی چەندیان وەرگرتووە لەبزووتنەوەكەیان، بەئاوێنەی وت "لەسەر هەرچی پرسیارم لێبكرێت وەڵام دەدەمەوە، بەڵام پرسیاركردن لەوەی چەندم وەرگرتووە لەحیزب؟ بابەتەكە دەبێتە باسی پارە، بۆیە نامەوێت بەهیچ جۆرێك لەسەر پارە قسە بكەم، بۆشم گرنگ نیە چەندم لەگیرفانی خۆم سەرفكردووەو چەندم وەرگرتووە، گرنگ ئەوەیە سەركەتوو بین لەپرۆسەكەدا".
یەکگرتوو: بە ١٨٢ ملیۆن دینار بانگەشە دەکەین
دکتۆر محەمەد ئەحمەد لەیەکگترووی ئیسلامی بەپەیامنێری ئاوێنەی راگەیاند، لەهەر ٤ بازنەکەی هەڵبژاردن، ٦٢ کاندیدیان هەیەو ھەر کاندیدێک یەک ملیۆن دیناریان داونەتێ، ئەو وتی "لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ھەر کاندیدێک یەک ملیۆن دینارمان سەرفکردووە بۆ ئامادەکردنی فلێکسو پۆستەرو کارتی کاندیدەکانو ھەر پێداویستێکی دیکە کە لەو چوارچێوەیەدا ھەبوبێت".
وتیشی "بەدەر لەوە بڕە پارەیەکی دیکەمان تەرخان کردووە بۆ کارەکانی دیکەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان کە لەمەڵبەندەکاندا دەکرێتو بڕەکەی نزیکەی ٦٠ ملیۆن دینارە، ئێمە وەک یەکگرتوو پارەیەکی ئەوتۆمان نیە تەنھا ئەوەندەمان پارە ھەیە لەگیرفانماندایە، نە لەحکومەتو لەھیچ جێگەیەکی دیکە داھاتێکی وەھامان نییە".
باسی لەوەش کرد کە ئەو پارەیەی داویانە بەکاندیدەکانیان زۆر کەمە، بەڵام کاندیدەکانیان پێیانوتوون ئەو ملیۆن دینارە، وەک ئەوە وایە ملیارێک دیناریان وەرگرتبێت، ھێندە بەزۆری دەزانن، چونکە دەزانن حیزبەکەیان پارەی نیە.
هەڵوێست: کاندیدەکانمان لەسەر حسابی گیرفانی خۆیان بانگەشە دەکەن
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیستی ھەڵوێستی نیشمانی لەبارەی داھاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لیستەکەیانو ئەو بڕە پارەیەی بۆ کاندیدەکانیان تەرخان کراوە، بەئاوێنەی وت ئێمە ھیچ بڕە پارەیەکمان تەرخان نەکردووە بۆ ئەم ھەڵبژارنە، کاندیدەکانمان سەرجەمی خەرجیەکانیان لەسەر گیرفانی خۆیانە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندنمان نیە تا خەرجی بۆ بکێشین"..
لەبارەی ئەوەی کەمپینێکی ھەڵبژاردنیان لەماوەکانی ڕابردوو بۆ کاندیدانی ھەڵویستی نیشتمانی کردووەو تیچووەکەی چەند بووە، ئەو وتی "سەرجەمی تێچوی ئەو کەمپینە، برادەرێک گرتویەتیە ئەستۆو من نازانم بڕەکەی چەند بووە".
بەرەی گەل: هەر کاندیدێکمان سێ ملیۆن دیناری وەرگرتووە
شادمان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستو کاندیدی ژمارە یەکی بەرەی گەل لەھەولێر، بەئاوێنەی وت "بۆ ھەر کاندیدێک بڕی سێ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، بەو بڕە پارەیە دەبێت بۆ خۆیان کاری ئامادەکردنی فلێکسو پۆستەرکارتو سەرجەم کارەکانی بانگەشە بکەن، ئَێمە ھەر ئەوەندەمان لەتوانادا بوە، وەک حیزبەکانی دیکەی دەسەڵات نین، پارەمان زۆر بێت ھەر ئەوەندەمان ھەبووە کە داومانەتێ".
وتیشی "ھەموومان ھەر ئەوەندە دەزانین کە ئەو بڕە پارەیەمان وەرگرتووە، وەک کاندیدەکان سەرۆکی لیستو قەوارەکە کە لاھور شێخ جەنگیە، ئەویش پڕە پارەیەکی سەرفکردووە، من ئێستا لەدوای سێ ملیۆن دینارەکەی پێیانداوم لەپارەیی خۆم سەرفدەکەم، نازانم چەندم سەرفکردوە، ھێندە خەریکی بانگەشەین ئاگامان لەوە نەماوە ئاخۆ چەندمان خەرج کردووە".
حزبی شیوعی: بە ٣٥ ملیۆن دینار بانگەشە دەکەین
ھیوا عومەر، تاکە کاندیدی حیزبی شیوعی کوردستانە لەھەولێرو سەرۆکی لیستی "ھاوپەیەمانی:یەو لەگفتوگۆیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، ئاماژەی بەوە کرد کە حزبی شیوعی ٣ کاندیدیان هەیە لەبازنەکانی هەولێرو سلێمانیو دهۆک، ئەو وتی "من بەتەنھا بۆخۆم تاکە کاندیدم لەسنووری ھەولێرو ئەو بڕەیی بۆم سەرفکراوە پانزە ملیۆن دینارە، بۆ سلێمانی پانزە ملیۆن دینارەو بۆ دھۆکش پێنج ملیۆن دینار بۆ کاندید دانراوە".
وتیشی "ئەو پانزە ملیۆنەی بۆ ھەریەک لەبازنەکانی سلێمانیو ھەولێر تەرخانکراوە، ھەر کاندیدک سێ ملیۆن دیناری دەدرێتێو ئەوەکەی دیکە دراوە بەبۆستەری بانگەشەو کرێی ھاتوچۆی ئەندامانو خەرجی بارەگاکانمان لەو دوو شارە ، ھەرچی دھۆکیشە کاندیدەکەمان سێ ملیۆنی وەرگرتووەو باقی پارەکەی دیکە بۆ خەرجی پێداویستی بانگەشەی هەڵبژاردنە".
هیوا باسی لەوە کرد کە ھاوڕێکانی بڕی پێنج سەد ھەزار یان شەش سەد ھەزار دیناریان ھێناوە وەک ھاوکاری تا بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێ ئەنجام بدەن بۆ حیزبەکەیانو چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی وەک میدیای سەربەخۆ، ھاوکاریان کردووەو بەبێ بەرامبەر بانگەشەیان بۆ کردووە بە دانانی وێنەی خۆیو ژمارەو ناوی ھاوپەیمانیەکەیان..
کۆمەڵی دادگەری: هەر کاندیدێک ملیۆنێکو ٥٠٠ هەزارمان داونەتێ
دکتۆر بێستون حەمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردن لەکۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئەو پارەیەی بۆ ھەڵبژاردن تەرخانیان کردووە، بەئاوێنەی وت "ئێمە وەک کۆمەڵی دادگەری، ٤٧ کاندیدمان هەیە لەھەر چوار بازنەکە، بۆ ھەر کاندیدێک یەک ملیۆنو ٥٠٠ ھەزار دینارمان داونەتێ ، کە دەکاتە ٧٠ ملیۆنو ٥٠٠ ھەزار دینار، بۆ ھەر مەڵبەندێکیش ٣ ملیۆن دینارمان تەرخان کردووە".
وتیشی "٧٥ ملیۆن دینارمان بۆ چاپکردنی فلیکسو پۆستەرو لافیتە سەرفکردووە لەسەر ئاستی ھەموو کوردستان، ھێشتا دیار نیە بۆ ڕۆژی ھەڵبژارنش چەند چاودێرمان دەبێت بۆ سەر سندوقەکان، کە بۆ ھەر چاودێرێک بڕی ٥٠ ھەزار دیناریان دەدەینێ، سەرجەمی ئەم پارانەش لەھاوکاری ئەندامانمان وەردەگیرێت کە بونەتە پەرلەمانتار یان پۆستەکانی دیکەی ناو حکومەتیان وەرگرتووە، کە دەبێت ٥٠%ی داھاتەکەیان بگێڕنەوە بۆ حیزب".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.