لیژنەی گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمانی عێراق: رێككەوتن بۆ چارەسەری کێشەی کۆمپانیای کۆڕەك کراوە
  2024-10-16       550       

سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیاکە لە ماوەی شەش ساڵدا، ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار دەداتەوە.

ئاوێنە: زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی رایگەیاند، دوای چەندین گفتوگۆ و دانیشتن، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمپانیاکە.

زەهرە بەچاری وتی "بەپێی رێککەوتنەکە؛ کۆڕەک تیلیکۆم لە ماوەی شەش ساڵدا، ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار دەداتە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوە، لەبەرامبەردا ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر کۆمپانیاکەن، هەڵبگیرێن و پەیوەندییەکانی ئاسایی ببێتەوە."

بەوتەی سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق "کۆمپانیای کۆڕەک بە نوسراوی فەرمی، رەزامەندیی دەربڕیوە کە پارە کەڵەکەبوەکانی سەری بداتەوە."

زەهرە بەچاری باسی لەوە كرد، سەرەتا بڕیاربو پارەکە بدرێتەوە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیکردەوە و رایگەیاند دەستەی گواستنەوە و گەیاندن، پەیوەندارە بە وەرگرتنەوەی پارەکە. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، نوسراو بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرا، ئەویش لە وەڵامدا داوای لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کرد، پارەکە وەربگرێتەوە، بۆیە ئێستا دەستەکە سەرقاڵی گرتنەبەری رێکارە کارگێڕی و داراییەکانە بۆ ئەو کارە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا کۆڕەک هیچ پارەیەکی نەداوەتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×