قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە عێراق، هیوای خواست لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لایەنە سیاسییەكان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتو.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە هەولێر پێشوازی كرد لە ئەلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە تەوەرێكی كۆبونەوەكەدا باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان کرد و هیوای خواست لە دوای یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتو.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند "هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردودا بە قۆناغی زۆر قورسدا تێپەڕبوەوە و پێویستە حکومەتی داهاتو بە شێوەیەک پێکبهێنرێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات."
ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی. هەردولا هیوایان خواست لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بەشێوەیەک مامەڵە بکەن سەقامگیری عێراق و کوردستان پارێزراوبێت.