سودانی: روبەڕوی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر خاك و سەروەریی عێراق دەبینەوە
  2024-12-01       137       

سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە میانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیدا رایگەیاند، روبەڕوی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر خاك و سەروەریی عێراق دەبنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی كۆی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە روداوەكانی ئەم دواییەی سوریاوە هەیە كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا سودانی گوێی لە راپۆرتێكی ورد لەبارەی ناوخۆی سوریاوە گرتوە ئەوەش لەدوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی سوریا لەلایەن "گروپە تیرۆریستییەكانەوە."

ئاماژە بەوەشدراوە كە سودانی گوێشی لە راپۆرتێكی ورد لەبارەی دۆخی هێڵی سنوریی نێوان عێراق و سوریا گرتوە كە لەلایەن فەرماندەی هێزەكانی سنورەوە خراوەتەڕو و ستایشی ئەو رێوشوێنانەی كردوە كە بۆ پاراستنی سنورەكانی عێراق گیراونەتەبەر و جەختیشی كردۆتەوە لەسەر بەردەوامی بەدواداچون بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی عێراق و چڕكردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەكان و چاودێریكردنی جوڵەی گروپە تیرۆریستییەكان لەناوخۆی سوریا.

سودانی فەرماندە سەربازییەكانی راسپاردون كە بەشێوەیەكی مەیدانی لە كەرتە سەربازییەكان ئامادەییان هەبێت بەتایبەت لە ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق و سوریا.

هەروەها سودانی جەختیشی كردۆتەوە لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكان لەدژی پاشماوەكانی تیرۆر لەنێوخۆی عێراق.

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق وتوشیەتی، ئاسایشی عێراق لە گرنگترین ئەولەویاتەكانی حكومەتە و روبەڕوی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر خاك و سەروەریی عێراق دەبنەوە.

هەروەك كۆبونەوەكە جەختی لەسەر گرنگی یەكخستنی گوتاری نیشتمانی كردۆتەوە لەگەڵ جەخكردنەوە لەسەر ئەوەی كە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن وردبن لە گواستنەوەی زانیارییەكان و خۆیان بەدوربگرن لەو دەنگۆیانەی كە دەكرێت كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوخۆ و سەقامگیری وڵات هەبێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×