لیوا عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دو مانگدا داهاتی دەروازە سنورییەكان زیاتر لە 400 ملیار دینار بوە.
ئاوێنە: لیوا عومەر وائیلی، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە، دەستەكەیان پڕۆسەی بەستنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییە وشكانی، ئاوی و ئاسمانییەكانی لەڕوی ئەلیكترۆنییەوە بەستۆتەوە.
بەستنەوە ئەلیكترۆنییەكە بەقسەی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان، بوارە جۆراوجۆرەكانی چاودێری لەخۆدەگرێت، لەوانە: وردبینیكردنی پشكنینی پێشوی كاڵاكان، وردبینیكردنی بەرنامەی لێخۆشبونی گومرگیان لەو كاڵایانەی كە دەهێنرێنە وڵات لەگەڵ چاودێریكردنی وردبینیكردنی پسوڵەكان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئامارە سەرەتاییەكان دەریدەخەن، كە لە مانگی كانونی دوەم و مانگی شوباتی ئەمساڵدا، داهاتی دەروازە سنورییەكان لە 400 ملیار دینار زیاتر بوە.
وتوشیەتی، دەستەكەیان هەوڵی دوهێندەكردنی ئەو داهاتانە دەدات ئەوەش لەچوارچێوەی پلانە ستراتیژییەكانیدا بۆ بەهێزكركردنی داهاتەكانی دەوڵەت و كۆنترۆڵكردنی دەروازەكان بەشێوەیەكی كاراتر.