ئا: ئاوێنە
ئیسرائیل نیگەرانە لەباڵادەستی تورکیا لەسوریای دوای ئەسەددا، بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت "تورکیا دەوڵەتێکی دوژمنە، پێویستە دەستبەجێ باڵیۆزخانەی تورکیا لەئیسرائیل دابخرێت".
گرژییەکان لەنێوان تورکیاو ئیسرائیل لەسوریا لەهەڵکشانداندان، ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە ئەگەری دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لەسوریا نیگەرانییەکی گەورەی لەئیسرائیل دروستکردووە.
ئەحمەد شارع، سەرۆکی نوێی سوریا کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هاتە سەر دەسەڵات، لەمانگی شوباتی ڕابردوودا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەئەنقەرە کۆبووەوەو باس لەوە کرا کە ڕێککەوتنی هاوکاری بەرگرییان لەنێوان هەردوو وڵات تاوتوێی کردووەو تورکیا بنکەیەکی سەربازی لە سوریا دادەمەزرێنێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی (جۆرەلیزم پۆست)، ئیدارەی ئیسرائیل کە داگیرکارییەکانی بۆ سەر سوریا فراوانتر کردووە، لەزیادبوونی نفوزی تورکیە لەسوریا نیگەرانە، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لەچەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەسەر ئەم پرسە ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، "ئەگەر بنکەیەکی ئاسمانی تورکیا لەسوریا دابمەزرێت، ئەمە زیان بەئازادیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دەگەیەنێت، ئەمەش هەڕەشەو مەترسییە بۆ سەر ئێمە".
ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە باسی لەوەش کرد کە بۆردومانی هەفتەی ڕابردووی بنکەی تیاس لەسوریاش لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیامێک بووە بۆ تورکیا.
ماوەیەکە ڕۆژنامەکان باس لەوە دەکەن کە بنکەی تیاس لەتەدمور بدرێت بەسوپای تورکیا.
ئۆهاد تال، ئەندامی لێژنەی کاروباری دەرەوەو بەرگری لەپەرلەمانی ئیسرائیل، بەپۆستێک کە لەهەژماری خۆی لەئێکس بڵاویکردەوە، تورکیای کردە ئامانج. تال وتی "تورکیا دەوڵەتێکی دوژمنە، پێویستە دەستبەجێ باڵیۆزخانەی تورکیا لەئیسرائیل دابخرێت".
وتیشی "ئیسرائیل پێویستە ڕێگری لەجێگیربوونی سوپای تورکیا لەسوریا بکات، هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ یۆنان و ئیدارەی قوبرسی یۆنان بەهێز بکات و پشتیوانی ئەمریکا لەدژی تورکیا بەدەستبهێنێت".
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ڕایگەیاند متمانەیان بەشەرعی سەرکردەی نوێی سوریا نییە، ئەو وتی "شەرع هەم ئامانجی کورتخایەنو هەم ئامانجی درێژخایەنی هەیە، ئامانجە درێژخایەنەکانی نەگۆڕاوەو ئەو دوژمنی ئێمەیە".