قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق رایگەیاند، عێراق نابێت تەماشاكەر بێت لەبارەی روداوەكانی سوریاو دەشڵێت، ئەو میلیشیانەی كە لە توركیا مەشقیان پێكراوەو ئێستا لەعێراقن، دەكرێت هەمان ئەزمونی سوریا لە عێراق كۆپی بكەن بە كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و رادەستكردنیان بە توركیا.
ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە وتارێكدا وتی، دەبێت پشتیوانی سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكرێت لە پێش هەمویشیانەوە حەشدی شەعبی كە "سەمامی ئەمانە" بۆ عێراق.
وتیشی"ئەوەی لە سوریا رودەدات بەگشتی بە ئامانجی بەدیهێنانی چاوچنۆكییەكانی زایۆنییەكان بۆ داگیركردنی خاكی وڵاتەكە و گەیشتن بە روباری فوڕات. زایۆنییەكان ئێستا گەیشتونەتە نزیك بنكەی سەربازیی تەنەف كە نزیكە لە عێراق."
ئاماژەی بەوەشدا "رێڕەوی داود، پڕۆژەیەكی راستەقینەیە كە كاری لەسەر دەكرێت بۆ گەیشتن بە خاكی كوردستان لە عێراق و سوریا. رێڕەوی داود بە ئامانجی دوبارە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشكردنی ناوچەكەیە لەسەر بنەمای عەقیدەیی، ئەتنی و تائییفیەكان."
وتیشی"پاڵنەرەكانی شەڕی ئێستا، پاڵنەری عەقیدەیین و زایۆنییەكان عێراق بە گەورەترین دوژمن دەزانن. لەنێوان زایۆنییەكان و سنوری عێراقدا، تەنیا چەند كیلۆمەترێكی كەم ماوە."
بەقسەی خەزعەلی "قەوارەی زایۆنی پشتیوانی لە جیاكردنەوەی خاكی كوردستان لە سوریا و عێراق دەكات."
وتیشی، عێراق دەتوانێت بە رۆڵی گرنگی خۆی هەڵسێت لە رێگری لە دابەشكردنی سوریا كە ئیسرائیل و ئەمریكا و یەكێك لە وڵاتانی عەرەبی ئەوەیان دەوێت. ئاماژەی بەوەشدا، پاراستنی یەكپارچەیی سوریا ئامانجێكی گرنگە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و یەكپارچەیی خاكی عێراق.
جەختیشی كردەوە كە دروست نییە عێراق تەماشاكەری روداوەكانی سوریا بێت چونكە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق. وتیشی، دوژمن لە هاوكێشەی شەڕەكە نامانكاتە دەرەوە.
بەبڕوای خەزعەلی یەكێكی دیكە لە هەڕەشەكان لەسەر عێراق كە سەقامگیری و یەكپارچەیی خاكەكەی دەكاتە ئامانج، هەڕەشەی توركیایە.
وتیشی، هەڕەشەی توركیا، تەنیا شیكردنەوە نییە، بەڵكو هەڵوێست و پڕۆژەیەكە كە سەركردە توركەكان باسی دەكەن و لەوبارەیەشەوە هەنگاوی كرداری دەنێن لەسەر خاكی عێراق.
ئەوەشی خستەڕو، چەند لایەنێكی توركی هاوڵاتی عێراقییان لە نەینەوا و كەركوك راكێشاون و ناردویاننەتە توركیا و لەوێ مەشقیان پێكراوە.
هەروەها وتیشی، تاوەكو ئێستا بەشێك لە میلیشیاكان كە لە توركیا مەشقیان پێكراوە، موچە لە ئەنقەرە وەردەگرن. بەشێكیان هاتونەتە نێو حەشدی شەعبی بەتایبەت نێو لیوای 59ی نەینەوا. بەشێك لەو میلیشیایانەی كە لەلایەن توركیاوە مەشقیان پێكراوە، لەنزیك بنكەی زلیكان جێگیركراون بۆ پاراستنی هێزەكانی توركیا لەو بنكەیەو عێراقیش ئاگاداری ئەمەیە.
بەبڕوای ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، "میلیشیاكانی توركیا لە عێراق دەكرێت هەمان ئەزمونی سوریا لە عێراق كۆپی بكەن بە كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و رادەستكردنیان بە توركیا."
وتیشی"بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق و هێزە سیاسییەكان لەنێویشیاندا كورد دەڵێم، چیتر لێبوردن بەرامبەر بنكەی زلیكان و بونی توركیا لە بەعشیقە نییە."
وتیشی"ئەگەر چاوپۆشی لە بونی سەربازیی توركیا بكرێت ئەوا پڕۆژەكە دەگۆڕێت بۆ دابەشكردنی عێراق. ئەگەر توركیا راستگۆیە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق ئەوان دەبێت هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوەو پاساو دروست نەكات بۆ مانەوەیان."
ئەوەشی خستەڕو"سەرتان سوڕنەمێنێت هەر شتێك روبدات بۆ ئەوەی عێراق رابكێشرێتە گۆڕەپانی جەنگەكە چونكە جەنگەكە جەنگێكی عەقیدەییە."