2025-03-31   638     
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە دەڵێت "دەبێت پەكەكە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە خۆی هەڵوەشێنێتەوەو بەوەش رۆژێكی نوێ لە توركیا هەڵدێت."
ئاوێنە: دەوڵەت باخچەلی لە گوتارێكدا باسی لەوەكردووە "ئامانجی توركیای بێ تیرۆر نزیكە لەوەی ببێتە واقیع، یەكێتی نەتەوەیی لە توركیا بنیات دەنێت و ئاشتی و سەقامگیری خەریكە دەبێتە هەمیشەیی، ژیانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ لە وڵاتدا پێكدێت".
باخچەلی دەشڵێت "بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری مێژووییە، دوای بانگەوازەكە، خەڵك بە ئومێدەوە چاوەڕوانە، بەدەست ئێمەیە كە ئەم چاوەڕوانییە بكەینە خۆشی نەك خەم و پەژارە. توركیایەكی بێ تیرۆر دەبێتە توركیایەك كە دیموكراسی بەهێزتر بووبێت، لە سەردەمێكدا كە جیهان رێكدەخرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم پێشكەوتنە ببێتە دەرفەتێك بۆ توركیا".
دەوڵەت باخچەلی داوا دەكات، سەرەتا دەبێت چەك دابنرێت، دواتر بەزوویی كۆنگرەیەك ببەسترێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە جێبەجێ بكرێت.