كوردو تورك لەسوریا بەنێوانگری ئەمریكا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنێك بۆ ئاگربەست
  2025-03-30       1225       
مەزلوم کۆبانی

سەرتیپ جەوهەر

 

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی تاكلایەنەی حكومەتێكی ناشەرعیی لەلایەن ئەحمەد شەرع بێ‌ بەشداری هەموو پێكهاتەكانی سوریا، ماوەی چەند هەفتەیەكە كوردو تورك بەنێوانگری ئەمریكا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی بۆ ئاگربڕی نێوانیان لەناوچەكانی مەنبەج و سەرێكانی گرێ سپی و چەند ناوچەیەكی دیكە. هاوكات چەند سەرچاوەیەكی ناڕەسمیی لە توركیا باسی ئەگەری كشانەوەی توركیا دەكەن لەوناوچانەی لەخاكی سوریا داگیری كردوون، بەڵام ئەم زانیارییە پشتڕاستنەكراوەتەوە.

دوێنێ ئەحمەد شەرع لەدەرەوەی هەموو سیاق و نەریتێكی قانونیی و شەرعیی حكومەتێكی نوێی بۆماوەی 5 ساڵ راگەیاند، بێئەوەی هیچ پێكهاتەیەكی قەومیی و تایفی و دینیی و سیاسی بەشداری پێبكات. ئەم هەنگاوە نوێیەی شەرع، گرێیەكی دیكەی ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی سوریایە، بۆیە ئەو حكومەتەی راگەیەنراوە حكومەتی سوریا نابێت، بەڵكو بەپێی پێناسەی سیاسی ئەوەی هەیە ئیدارەیەكی بچوككراوەی شكستخواردوو دەبێت لەناوچەیەكی جوگرافیی زۆر دیاریكراو بێ‌ ئەوەی هیچ شەرعیەتێكی جەماوەریی یاخود دانپێدانانێكی نێودەوڵەتیی هەبێت، بەتایبەت لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە.

بەپێی بڕیارو هەڵسوكەوتی گروپەكەی ئەحمەد شەرع و ئەم دیمەنانەی لەدۆخی سیاسی ئەو وڵاتە دەیبینین، سوریای داهاتووی نوێ‌، زۆر خراپتر دەبێت لەسەردەمی ئەسەد. بەم هەنگاوانە كوردو دروز زیاتر لەدیمەشق دووردەكەونەوە، بەڵكو رێگەنادەن ئەم ئیدارەیە حوكمیان بكات. بەهۆی ئەم هەنگاوەوە سوریا لەرووی عەمەلییەوە لەبری دوو پارچە، واتە رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات، ئەمجارەیان دەبێتە سێ‌ پارچەو ناوچەی جیاواز، بەمشێوەیەی خوارەوە:

یەكەم: دیمەشق. دووەم: رۆژهەڵاتی فورات. سێیەمیش ناوچەی دروزەكان واتە پارێزگای سوەیداو چەند ناوچەیەكی دیكە. هاوكات ناوچەی عەلەوییەكان كە پارێزگاكانی لازقیەو تەرتوس و بەركەناری دەریای سپی و گوندەواریی حەلەب و شام دەگرێتەوە، بەردەوام گرژیی چەكداریی بەخۆیەوە دەبینێت.

راگەیاندنی ئەم ئیدارە نوێیە بۆ حوكمڕانیی دیمەشق، خۆدزینەوەی ئەحمەد شەرعە لەداخوازی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی كە بریتیە لە هەڵبژاردنێكی ئازادانەو نوسینەوەی دەستورو پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ‌ لەو وڵاتە بەمەرجی بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكان، هاوكات دەركردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی توندڕەوی بیانیی و نەهێشتنی سیمای ئیدارەیەكی ئیسلامیی رادیكاڵە لەسوریای نوێ‌، بەڵام تائێستا هیچی جێبەجێنەكردووە، بەڵكو دەیەوێت بەپەنابردن بۆ توركیاو پشتیوانیی چەند وڵاتێكی عەرەبیی خۆی لەم داخوازیانە بدزێتەوە، بەڵام ئەم بازدانە بەسەر داوای وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپاو بڕیاری نێودەوڵەتیی (2254) كە بەروونی قۆناغی ئینتیقالیی سیاسی و حوكمڕانیی لەسوریا دەستنیشانكردووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×