هیومان ڕایتس ۆوچ: بارودۆخی زەینەب و وریشە لە زیندان خراپە
  2025-04-01       208       

فێدریکۆ بۆرێلۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی گەڕاندنەوەی نێرگز محەمەدی بۆ زیندانی ئەوین دەکەن، دەشڵێت: بارودۆخی زیندانییانی سیاسی دیکە لەوانە زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی خراپە، دەبێت ئێران بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاوێنە: فێدریکۆ بۆرێلۆ، بەڕێوبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بە وەکالەت لەبارەی گەڕانەوەی نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی بۆ زیندانی ئەوین و بارودۆخی وریشە موردادی و زەیبەب جەلالیان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی گەڕاندنەوەی نێرگز محەمەدی بۆ زیندانی ئەوین دەکەن، هۆشداری دەدەینە ئێران دەبێت کۆتایی بە هەراسانکردنی نێرگز محمەدی بهێنرێت و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.

دەشڵێت: نێرگز محەمەدی ئەو مۆڵەتە کورتەی لە دەرەوەی زیندان بەکارهێناوە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانی و تیشک خستنە سەر بارودۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

فێدریکۆ بۆرێلۆ بەڕێوبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بە وەکالەت ئاماژەی بەوەشداوە، نێرگز محەمەدی بە هۆی چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بە هەڕەمەکی دەستگیرکراوە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دادوەرانی ئێران چەندین جار دۆسیەی نوێی لە دژی کردوویانەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیومان ڕایتس ۆوچ ئاماژەی بە بارودۆخی خراپی زیندانییانی سیاسی دیکە کردووە لەوانە زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، فاتیمە سپێهری، ڕەحلە ڕەحمی پوور، موتەلیب ئەحمەدیان و مەهوەش سابت، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئێران بخاتە ژێر پرسیارەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی ئازادیی و مافی ژیان لە زینداندا.

جێگای ئاماژەیە، نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیكەی زیندانییکردن سزا درایەوە، لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا.

جێی باسە، وریشە مورادی لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران، لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

هەروەها ١٧ ساڵ بەسەر زیندانییکردنی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد تێدەپەڕێت کە لە ٢٥ـی شووباتی ٢٠٠٨ خرایە زیندان و دواتر زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×