قازی محەمەد: گەر من خۆم ڕادەست نەکەم، ڕژێمی ئێران کۆمەڵکوژییەکى گەورە لەناو گەلەکەم ئەنجام دەدات
  2025-03-31       417       

ئا: ئاوێنە

 

قازی محەمەد بەر لەوەى خۆی ڕادەست بکات، وتی: گەر من خۆم ڕادەست نەکەم، ئەوا ڕژێمی ئێران کۆمەڵکوژییەکى گەورە لەناو گەلەکەم ئەنجام دەدات، بۆئەوەی گەل پارێزراو بێت من گیانى خۆم دەکەمە قوربانی.

 

“ئەمڕۆ قازی محەمەدێک لە سێدارە دەدەن، دڵنیا بن، کە سبەینێ هەزاران قازی محەمەد لە کوردستاندا هەڵدەستنە سەر پێ”، ئەمە دوایین وتەی قازی محەمەد بوو لەمەیدانی چوارچرا بەر لەسێدارەدانی.

پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری مەهاباد، بووە پێشەنگی مێژووی هاوچەرخی کوردو سیمبولێکی باڵای فیداکاریی و تێکۆشانی نیشتمانیی.

بەپێی خۆی چووە بەر پەتی سێدارە هەتا بە کورد و جیهان بڵێت؛ ئێمە نەتەوەیەکین دەمانەوێت بە ئیرادە و ناسنامەی خۆمانەوە بژین و مامەڵەی داگیرکەران و سەپێندراو ڕەتدەکەینەوە.

٧٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٣١ـی ئاداری ساڵی ١٩٤٧، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد قازی محەمەد، ڕێبەری کۆماری مەهاباد، لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد سەیفی قازی، وەزیری بەرگریی کۆمار و ئەبولقاسم سەدر قازی، پەرلەمانتاری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێراندا، لەلایەن ڕژێمی پاشایەتی ئێرانەوە لەسێدارەدران.

قازی محەمەد کوڕی قازی عەلی، لە ١ـی ئایاری ساڵی ١٨٩٣ لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی شاری مھابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بنەماڵەکەیان زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەربوون.

هەر لەمنداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی ئاینی لە مهاباد و جگە لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی، ئاشنایەتیی لەگەڵ زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی هەبووە، دوای کۆچی دوایی باوکیشی بووەتە قازی شەرع لە مهاباد.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×