ئا: ئاوێنە
ئەلسکاندەر دۆغین، بیرمەندی روسیو گەورە راوێژکاری فلادیمیر پۆتین، پێشبینی ئەوە دەکات دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، نائارامیو قەیرانی تورکیا قووڵتر بێتەوە.
دۆغین لەوتارێکدا دەربارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی تورکیا دەڵێت "دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵو ڕکابەری سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەتورکیا. ئەم هەنگاوە کە زۆر کەس بەسیاسی دەزانن، ئاڵنگاریی راستەقینە بۆ حکومەتی ئەردۆغان دروستکردووە، هاوکات دابەزینی نرخی لیرەو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ئەوەندەی تر دۆخی ئەردۆغانی سەختر کردووە".
دەشڵێت "بۆ شیکردنەوەی دۆخەکە پێویستە چەند هۆکارێک لەبەرچاو بگرین:
یەکەم، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هاوشێوەی سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە سەر بەئۆپۆزسیۆنی لیبڕاڵی ئەردۆغانە. کە پارتی گەلی کۆمارییە (جەهەپە)یەو نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی چەپی لیبراڵ و عەلمانی و بەگشتی لایەنگری ئاڕاستەی ئەوروپیو دژایەتی ئاراستەی ئیسلامیانەی سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەکات، هەڵوێستێکی تاڕادەیەک دوژمنکارانەشی هەیە بەرامبەر بەڕوسیا.
دووەم، ئەردۆغان خۆی لەم دواییانەدا چەندین هەڵەی سیاسی زۆر گەورەی کردووە. گرنگترینیان پاڵپشتیکردنیەتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەدیمەشق لەلایەن میلیشیاکانی جۆلانییەوە. ئەمه هەڵەیەکی کوشندەی ئەردۆگان بوو، چونکه ئەردۆغان بەم کارەی گورزێکی جددی و قەرەبوونەکراوەی لەپەیوەندییەکانی تورکیاو روسیا، هەروەها تورکیاو ئێران وەشاند. ئێستا نەڕوسیاو نەئێران بەهانای ئەردۆغانەوە نایەن. دۆخەکە دژی ئەو گۆڕاوەو ڕەنگە قەیرانەکە پەرەبستێنێت. زۆرێک لەناو تورکیاشدا نەک هەر لەسیاسەتی ئەردۆغان لەسوریا رازیی نین، بەڵکو ئیدانەی سیاسەتەکەشیان کرد، لەبەرئەوەی تەنها سیاسەتمەدارێکی زۆر کورتبین دەسەڵاتی سوریا ڕادەستی قاعیدە دەکات، هەرچەندە بەگشتی ئەردۆغان بەسیاسەتمەدارێکی دووربین دادەنرێت، بەڵام پێموایە ئەم هەڵەیەکی کوشندەیە.
سێهەم، لایەنێکی دیکەی هەڵەکانی ئەردۆغان سیاسەتی ئابوریی تورکیایە، دابەزینی نرخی لیرەو هەڵاوسانی بەربڵاو خەریکە ئابووریی تورکیا لەئێستاوە لاواز دەکات".
دۆغین ئاماژە بەوە دەکات لەبەرئەوەی ئەردۆغان نەیتوانی ڕێگری لەخەڵکی ئەستەنبوڵو ئەنقەرە بکات لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگ بەسەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن بدەن، لەکۆتاییدا بڕیاریدا سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ زیندانی بکات، ئەو دەڵێت "ئەردۆغان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە شتەکان بۆ ئەو بەخراپی تێدەپەڕنو پێویستە چالاکترین نەیارەکەی کە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆیە زیندانی بکات".
دەشڵێت "ئەردۆغان چەقۆیەکی لەپشتی هاوپەیمانەکانی، ئێرانو روسیا دا، بۆیە ناتوانین پشتیوانی لێبکەین، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەردۆغانی خستوەتە بەردەم دووڕیانێکی سیاسییەوە، ئەم دۆخە بۆ ئەردۆغان زۆر خراپە. هەموو نەیارەکانی، بەکەڵک وەرگرتن لەهەڵە کەڵەکەبووەکان، ئامادەن بۆ ڕاپەڕین، شۆڕشێکی ڕەنگاوڕەنگ لەسەرهەڵداندایە. لەلایەکی دیکەشەوە کەمالیستە کۆنەپەرستەکانیش ئەوانەی لەسلکی سەربازیدا بوونە دەرکراون، لەدژی وەستاونەتەوە".
دۆغین پێشبینی ئایندەیەکی تاریک بۆ ئەردۆغان دەکاتو دەڵێت "ەم هەلومەرجەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە: دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەو هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان، چی دەکات؟ تەنانەت دەنگۆی مردنی هەیە، کە گوایە دەسەڵاتداران پەردەپۆشی دەکەن. پێموایە ئەمە تەنها پیلانێکە. بەڵام ئەردۆغان چیتر ناتوانێت پشت بەوو گورگە بۆرەکانی ببەستێت، کە سەردەمانێک ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورکی بەهێزو مەترسیدار بوون. بۆیە جەخت لەوە دەکەمەوە داهاتووی ئەردۆغانو ڕژێمەکەی تاریک دەردەکەوێت".